بۆکان 

 

 

 

بۆکان شارێکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران ھەڵکەوتووە. ئەم شارە لە ١٣ دەقیقە و ٤٦ دەرەجەی درێژایی رۆژھەڵاتی و ٣٢ دەقیقە و ٣٦ دەرەجەی پانایی باکورییە. بە پێی دوایین دابەشکردنەکانی ئێران بەرینایی بۆکان ٢٥٤١.٣٠٦ کیلومەتری چوارگۆشەیە و لە باشوری رۆژھەڵاتی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا ئێران ھەڵکەوتووە. ١٣٤٠ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە. شاری بۆکان لە باکورەوە لەگەڵ میاندواو ،لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ساینقەڵا، لە باشوورەوە لەگەڵ سەقز، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ سەردەشت و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ مەھاباد ھاوسنوورە. گەلھەی شاری بۆکان لە ساڵی ٢٠٠٦دا زیاتر له ١٤٩،٣٤٠ کەس بووە.




ڕێکه وت: پنج شنبه 18 خرداد 1391برچسب:بۆکان,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

مەھاباد

 

 

مەهاباد یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگترین شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. مەهاباد لە ڕووی پێکهاتەی دابەشکاریی وڵاتیی لە ئێراندا وەکوو یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دێتە ئەژمار. خەڵکی ئەم شارە بە زمانی کوردیی سۆرانی و زاراوەی موکریانی قسە دەکەن. زۆربەیان موسڵمان و سونی مەزهەبن. ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە بە پێی سەرژماریی گشتیی جەماوەر و خانووی ئێران لە ساڵی 2011دا، 312,522 کەسە.

لێکۆڵینەوەکان نیشاندەدەن کە شوێنی ئێستای شاری مەهاباد لە هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە شوێنی ژیان بووە. لەوێدا قەومەکانی بابلی، ماننایی، ئاشوری و ماد دەسەڵات‌داریان کردووە. بەڵام نە هەر ئەو شوێنەی ئێستا شارەکەی لێ سازکراوە، بەڵکوو لە باکووری ئێستای شاردا کە لە سەردمی هێرشی ئەسکەندەری مەقدوونی سووتێندرا و وێران‌کرا.

کاتی دامەزراندی شاری مەهابادی ئێستایی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان؛ سارەم بەک یەکێک لە میرزادەکانی ساوجبلاغی موکری لە سەدەی ١١ی کۆچی لە نزیکی باکووری چەمی مەهاباد ئەو شوێنەی ئێستا بە "باخی سیسە" و "دەباغیان" دەناسرێت، ئاوەدانییەکی دامەزراند کە دواتر بوو بە شار. دواتر بە بۆنەی پێش هاتنی چەم و لافاوەکانی، شار بەرەو باشوور هات و خانووکان لە نزیکی مەیدانی چوارچرای ئێستا کرانەوە.

مەهاباد سەردەمی قاجاڕەکان بەهۆی سەر ڕێگە بوونی بۆ شام هێندێ گەشایەوە.

لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ١٩٧٠ ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە دەور و پشتەوە کۆچیان کرد بۆ مەهاباد، بۆیە شار گەورە بووە و زۆرێ لە باخەکانی دەوری شار بوون بە جێگەی خانووە نوێکان، بەڵام ناوی باخەکان مایەوە. هەربۆیە ئێستا ناوی بڕێک لە گەڕەکەکانی مەهاباد وشەی "باخ"ی پێوەیە!

لە ڕابردوودا، سەردەمی تورکانی قاجاڕ ناوی شاری مەهاباد گۆردڕاوە بە ساوجبلاغ کە وشەیەکی تورکییە و واتە: "کانیاوی سارد"، لە سەردمەی ڕەزاخان‌ ئەو ناوە گێڕدرایەوە بۆ ناوە مێژوویییەکەی خۆی. بەڵام ئێستاش هێندێ کەس بە سابڵاخناوی لێ ‌دەبەن. بەڵام ناوی مەهاباد وشەیەکە پەیوەندی دار بە ئایینی ماننایییەکانەوە و پێکهاتووە لە دوو وشەی مەهـ و ئاباد، واتە ئەو شوێنەی مانگی لێیە، کە مانگ هێمایەکی پێرۆز بووە لەو ئایینەدا.

شوێنە دیتنیەکانی مەهاباد بریتین لە بەنداوی مەھاباد، ئەشکەوتی سەهۆڵان، پارکی میکاییل، فەقەرەقا

شارەکانی دەور و پشتی مەهاباد سەردەشت، پیرانشار، نەغەدە، ورمێ، بۆکان و میاندواو.

کەش و هەوای مەهاباد سارد و کوێستانییە، زستانی سارد و هاوینی گەرمە. بەهار جوانترین وەرزی ساڵ لە مەهاباددایە.

 




ڕێکه وت: پنج شنبه 18 خرداد 1391برچسب:مەھاباد,شاره کورده کان,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

وەلی دێوانە 

 

 

وەلید کوڕی کوێخا محەمەد ناسراو بە وەلی دێوانە ھۆنراوەنووسێکی کوردی سەدەی ھەژدەھەم بووە. ھۆنراوەکانی ئەم شاعیرە کە بە شێوەزاری ھەورامی بوونە پشتاوپشت بیستراون. بۆ یەکەمجار ھۆنراوەکانی لە ڕۆژنامەی ژیان و ژین بڵاو کراونەتەوە، پیرەمێردی شاعیر گرنگیەکی زۆری بە ھۆنراوەکانی داوە و کردوونی بەشێوەزاری سۆرانی. مەحمود خاکی لە ساڵی ١٩٧٠ و عوسمان ھەورامی لە ١٩٧٦دا ھۆنراوەکانی وەلی دێوانەیان کۆکردووەتەوە و چاپیان کردووە. وەلی دێوانە شارەزای زمانی فارسی بووە

ناوی وەلید کوڕی کوێخا محەمەدی تیرەی کەماڵەیییە. باوکی پیاوێکی خانەدان و موڵکداربوە. لە دەشتی شاکەل و شێروانە ھاتۆتە دنیاوە. لە سەرچاوەکاندا ساڵی لە دایک بوونی ئاشکرا نییە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە لە سەدەی ھەژدەیەمدا ژیاوە و مردووە (لە ساڵی ١٧٥٦دا ھێشتا لە ژیاندا بووە).

لە تەمەنی منداڵییەوە باوکی حەزی کردوە فێری خوێندن و نووسین ببێت، لە شاری سلێمانی فەقێیەکی بۆگرتوە فێری خوێندنی بکات و لەسەر دەستی مامۆستاکەی مەلا یوسف فێری خوێندن و نووسین و و قورئان بووە. خوێندەواری وەلی دێوانە و ناوبانگی مامۆستاکەی گەیشتۆتە ھۆزەکانی تر. کوێخا قادر شێروان کە یەکێک بووە لە سەرۆک خێڵەکانی تیرەی کەماڵەیی و کچێکی ھەبووە بە ناوی شەم (شەمسە) داوای لە مامۆستاکەی کردووە ئەمیش فێری خوێندن بکات و پێکەوە لەگەڵ وەلی دێوانە خوێندوویانە. وەلێ شەیدای شەم دەبێ و پەیمانی خۆشەویستیان بەستووە. دەچن بۆ خوازبێنی و بەڵام بڕیاریان داوە تا لە کوێستان بگەڕێنەوە بەدەستگیرانی بمێننەوە. لە کاتی کۆچی ھاوینەی جاف بەرەو کوێستان، ناکۆکی لە نێوان بنەماڵەی شاعیر و بنەماڵەی خۆشەویستەکەی لە کەلی پەیکووڵیدا، ڕوویداوە. بەھۆی ئەو ناکۆکییەوە، دوو دڵدار بە یەک نەگەیشتن و لەیەکتری دابڕاون و یەکتریان نەدیوەتەوە. خۆشەویستی شەم زۆر کاریگەری ھەبووە لەسەر ئەم شاعیرە و زۆربەی شیعرەکانی بۆ خۆشەویستی و لێک دابڕانی شەم بووە.

گۆڕی وەلی دێوانە بە قەد پاڵی کێوی سەید سادقەوەیە لە شارۆچکەی سەید سادقی ناوچەی شارەزووردا.

هۆنراوەکانی وەلی دێوانە بە شیوەزاری هەورامی و لەسەر کێشی دە بڕگەیی خۆماڵی نووسراون، هۆنراوەکانی هۆنراوەی سادە و ئاسان و ڕەوانن ئەمەش تام و چێژێکی تایبەتی بە هۆنراوەکانی داوە.

 

نموونەیەک لە هۆنراوەکانی

ھەی شەمی بەشەوق چل چرای شەوان
ھەی ژیانی من ھەی ڕۆحی ڕەوان
ھەی گلێنەی دیدەی بێ خەوان
ھەی ئاسکی سەرکەل لەسێبەر سڵ کەر
ھەی ھەوای سازی کوێستانان لەسەر
ھەی عەنبەرین خاڵ سۆسەنی کڵاف
ھەی ڕوناکایی ڕەشماڵانی جاف
ھەی من پەروانەی پەڕ سوتاوی تۆ
ھەی من گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆ
تۆ جارێ نایەی بۆ سەر وەختی من
گوێ نادەی بە ئاھ زامی سەختی من
ناپرسیت ئاخۆ من بۆتۆ چۆنم
بێ باکی لەتین قرچەی دەرونم
ھەوای کوێستانت وابۆ بوەوە
حەیفت کرد منت لەبیر چووەوە
بێ مروەتیت کرد ھەی شەم دەربارەم
من بۆ تۆ قەیسی سیا ستارەم
وادەی من و تۆ دێوانەی خوابێ
مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێ
شەمی شەم ڕوومەت تۆ بەسەلامەت
سکاڵای دڵم کەوتە قیامەت




ڕێکه وت: سه شنبه 9 خرداد 1391برچسب:وەلی دێوانە,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

میرزا عەبدۆلقادری پاوەیی 

 

 

میرزا عە‌بدۆلقادر یەکێک لە ئەستێرەکانی ئاسمانی وێژەی کوردی‌یە، لە ساڵی ١٢٦٦مانگی لە شاری پاوە‌ لە دایک بووە، ناوی باوکی میرزا محەممەد کۆڕی کێخوا جەعفەرە. لە تەمەنی چواردەساڵان دەسی کردووە بە شێعر ھۆنین، زۆربەی ساڵەکانی ژیانی بە گەڕان بە سەر بردووە و زۆربەی شارەکانی عێراق و تورکیا‌ گەڕاوە، و ھەر لەم گەڕانە فێری زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی بووە. و بە دوای ٦٢ ساڵ ژیانی پڕبار و پڕ لە سەختی لە شاری کرماشان دوا ماڵئاوایی لەم جیھانە کرد.

چەندین بەرھەمی بە نرخی ھەیە کە یەکێک لەوانە جەنگنامەی کۆلە و ئاینەمەلە کە بۆ یەکەم جار لە لایەن مینۆرسکی و لە ساڵی ١٩٤٣ بڵاوکراوەتەوە. لەم جەنگنامە شاعێر بە شێوازێکی سۆنبۆلیک باس لە شەڕی نێوان عۆسمانی و ئێران دەکات کە لە نزیکی شاری پاوە رووی‌داوە. لەم جەنگنامە عۆسمانیەکان بە کۆلە و ئێرانیەکان بە ئاینەمەل بەرانبەرکراون.

یەکێکتر لە بەرھەمەکانی پرسیار و وەڵامی ئاسمان و زەمینە، کە بە شێوازێکی ەونەرمەندانە ھۆنیویەتی و ھەتا نەیخوێنی نازانی چ بەرھەمێکی بە نرخە.

یەکێکتر لە بەرھەمەکانی مەسنەوی شەماڵە، کە شاعێر ‌ کە کاک ھادی سپەنجی لە سەرەتای دیوانی ئەم شاعێرە نووسیویەتی: ئەم بەرھەمە، بەرھەمی دەورانی لاویەتی شاعێر بووە و کاتێ ئەم بەرھەمەیە ھۆنیوە لە زەیدی خۆی دوور بووە و شەماڵی ناردووە بەرەو زەیدی و ھەر وەھا بۆ لای دلبەر. لەم پارچە شاعێر شاری خۆی بە باشترین شوێنی جیھان دەزانێت.

ھەر وەھا ھۆنراوەی عاشقانەی حەیدەر و سنۆبەر و کۆپلە ھۆنراوەکانی (رۆزەتۆسەفا) و مەنزوومەی (گۆل و بۆڵبۆڵ) و چەندین بەرھەمی‌تر، لەم شاعێرە بە ناو بانگە بە جێ‌ماون، دیوانی ئەم شاعێرە لە لایەن کاک ھادی سپەنجی لە شاری پاوە کۆکراوە و بە چاپ ‌دراوە، پێش لەوە لە بەغدا دیوانەکەی چاپ‌کرابوو.

ئیستا لە خوارەوە یەکێک لە پارچە شێعرەکانی ئەم شاعێرە بە ناوبانگە دەخەینە روو، لەم ھۆنراوە شاعێر داوا لە مەعشوقی دەکات بێت و ‌ دڵی ژێروبان بکات و ئەگەر شتێکی تری جۆدا لە خۆی لەناویا دی، بە تیری مۆژگان پارەپارەی کات، و بە وشەی "تۆ" بە جوانترین شێوە کایە دەکات.

سەوقات

شیرینی دۆسان دۆعا و سڵامەن / سەوقاتی یاران نامەو پەیامەن

شیرەی مۆحێبەت مابەین یاران / وەشتەرەن جە تام شیرینی شاران

نۆقڵ‌و شیرینیم نەقڵ نامەی تۆن / ھەدیە و بەراتم رێزەی نامەی تۆن

باقی تەعارۆف رەسمی زیاڏەن / ئیسرافی مەعرووف لۆقمەی بێ‌داڏەن

فەرموودەی مەعدووم سەرای خاک ماوان / دەک وە رەحمەت بۆ چ خاس فەرماوان

"" دەروون وە مەودای دووریت بیەن رێش / ھەی خاکم بە سەر سەوقاتم پەی چێش""

من ھەر تۆم ھەنی نەک واچی تۆم بۆ / تۆم ھەن چەنی عام، نیەن چەنی تۆ

سا تۆ بۆ دیڏەم بێ‌پەرواو بێ خەم / تۆتۆ، تۆی جەرگم جیا کەر جە ھەم

جا تۆتۆی دەروون بگێڵە پێشدا / ئەر تۆ دیت تۆیێ، غەیر جە تۆ تێش‌دا

توخوا وێت ئاسا باوەرەش وە بەر / وە مەودای مۆژگان پارەپارەش کەر

قادر چەنی تۆ دنیاش وە کارەن / بێ تۆ زیندەگیش چۆن ژەھر مارەن




ڕێکه وت: سه شنبه 9 خرداد 1391برچسب:میرزا عەبدۆلقادری پاوەیی,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

 محەمەد نوری

 

 

محەممەد نووری‌ (١٩٢٦ -٢٠٠٩) ناسراو بە عەتری‌ گڵۆڵانی‌ شاعیر و نووسەر و کەسایەتی ناوداری کورد لە ساڵی‌ ١٩٢٦ لە ناوچەی‌ گەورکی‌ بۆکان لە دایک بووە. لە تەمەنی‌ لاوییەوە تێکەڵاوی‌ کار و تێکۆشانی‌ کۆمەڵایەتی‌ و سیاسی‌ بووە و بەتایبەت لە ساڵانی‌ ١٩٤٤ بەو لاوە تا ساڵانی‌ ١٩٤٨ و ١٩٤٩ بە پێی‌ سووڕی‌ دەواران و ئاڵوگۆڕی‌ زەمان سەیر و سەمەرەی‌ زۆری‌ لە ژیاندا ھاتۆتە پێش، دیارە دوای‌ کۆماری‌ کوردستان وەک زۆربەی‌ نووسەران و شاعیران و تێکۆشەرانی‌ ئەو سەردەمە تووشی‌ دەربەدەری‌ و چەرمەسەری‌ ژیان دەبێ‌. ساڵی‌ ١٩٧٥ لە ھەڵبژاردنی‌ پارلمانی‌ چوارەمی‌ سەردەمای‌ پاشایەتی‌دا وەک نوێنەری‌ شاری‌ بۆکان لە لایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرا. بە گوێرەی‌ ئەو کۆمەڵە شیعرانەی‌ کە لێرە و لەوێ‌ و بەتایبەتی‌ لە گۆڤاری‌ سروە لەم دوایانەشدا دیوانەکەی چاپ کراوە چاپ کراون دەکرێ‌ بە وێژەرێکی‌ رەسەن و زمان پاراو و شاعیرێکی‌ ناسک خەیاڵ‌ لە قەڵەم بدرێ‌. شێواز و بیر و خەیاڵ و زمانی‌ دەربڕین لە جیھانی‌ شیعری‌ مامۆستا نووری‌ بە چەشنێک ئاوێتە بوون کە چەشنە نامۆییەکیان لە ناخ و ھەناوی‌ شاعیردا بەدیھێناوە.

محەمەد نووری لە ماوەی ساڵانی ژیانی خۆیدا چەندین بەرھەمی جۆراوجۆری شیعری و نووسراوەی بەپێزی ھێنایە بەرھەم و لە بوارەکانی نووسین و شیعر و ھەڵبەست و پەخشان و زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا خزمەتێکی زۆری کرد. نووری ھاوتەمەن و ھاوبیری ھەژار، ھێمن، ئاوات، ھێدی و سەعید ناکام (عەبدوڵڵا مستەوفی) بووە.

محەمەد نووری لە ساڵی ١٩٢٧ (رێکەوتی ١٥ی رەشەمەی ١٣٠٥ی ھەتاوی) لە گوندی گڵۆڵانی خوارێ لە ناوچەی گەورکایەتی سەر بە شارستانی بۆکان ھاتۆتە دنیا. کوری "میرزا ئەبووبەکر" کوری خاڵە "حەمەزەندین" کە لە گەڵ چەند بنەماڵە لە ئێلی زەند ئاوارە بوون و ھاتوون لە گوندی قالوێی زەندان جێگیر بوون. ھەر لە تەمەنی منداڵیدا دڵ و مێشکی نووری بە بۆن و عەتری گوڵە جوانەکانی شلێرە و ونەوەشە و مێلاقە و گوڵە گەزیزەی وڵاتەکەی کوردستان زاخاو دراوە.

سەرەتاکانی کاری فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو ھەر لە تەمەنی گەنجێتیدا دەستی پێکرد و لە بارودۆخی فەرھەنگی ئەو ساڵانەی کوردستان و ئێراندا لە بوارەکانی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا خەریکی کار و چالاکی بووە. دواتر لە مەھاباد بۆتە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.ک و ناوی نھێنی "عەتری" بۆی دیاری کراوە. لە ناوەڕاستی ساڵانی ٤٠کان لە موکریان مامۆستای قوتابخانە بووە. لە میانەی ٧٠کان سەردەمێک نەخۆش کەوتووە و لە نەخۆشخانەی بووعەلی لە تاران ماوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٥ لە ھەڵبژاردنەکانی سەرتاسەری بیست و چوارەمین خولی پەرلەمان واتە ئەنجومەنی شۆڕای میللی لە تاران وەکوو پەرلەمانتار و نوێنەری خەڵکی شاری بۆکان و ناوچە ھەڵبژێردراوە و لەو ئەنجومەنە لە ٣ کۆمیسیۆندا ئەندام بووە.

تەرمی پاکی محەمەد نووری ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیران، نووسەران، زانایان، ەونەرمەندان و جەماوەر و چین و توێژەکانی جۆراوجۆری خەڵکی کوردستان دوای رێوڕەسمی بەڕێکردن لە شەقامەکانی ناو شاری بۆکان لە گوندی ئەنبار سەر بە شارستانی بۆکان بە خاکی نیشتمان سپێردرا. لەو رێوڕەسمەدا شاعیری بۆکانی رەسووڵ چووپانی، شوانە پارچە شیعرێکی سەبارەت بە کۆچی نووسەردا پیشکەش کرد.

محەمەد نووری ئێوارەی دووشەممە ١٩ی ژانوییەی ٢٠٠٩ (رێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٨٧ ھەتاوی) بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

ھاوکات لە گەڵ کار و چالاکییەکانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە بەستێنی شیعر و ئەدەب و نووسین بە زمانی کوردی بە شێوەیەکی بەردەوام کاری کردووە. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە نازناوی "عەتری گڵۆڵانی" بەرھەمی لە رۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکردۆتەوە. لە ماوەی ٦٠ ساڵی رابردوودا سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەدەبی و کەمەڵە شیعر و نووسراوە و نامە و بەسەرھاتی خۆی نووسیوە و بەشێکی ئەو شیعر و نووسراوانەی لە گۆڤاری سروە و گۆڤاری مەھاباد و گۆڤارەکانی ھەرێمی کوردستان لەوانە گۆڤاری رامان و گۆڤاری ئایندە چاپ کراوە.

لە ھاوینی ساڵی ٢٠٠٥ (رێکەوتی خەرمانانی ١٣٨٤) لە لایەن کۆمەڵێک لە شاعیران و نووسەران و رۆشنبیرانی ناوچەی بۆکان کۆرێکی رێزلێنان لە پلە و پایەی بەرزی ئەدەبی محەمەد نووری لە شاری بۆکان بەڕێوەچوو.

ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆمەڵێک لە نووسراوە و شیعرەکانی بە ناوی "شەوێک و خەوێک" ، "بستووی ژیان" واتە کتێبی بیرەوەریەکانی محەمەد نووری لە لایەن بنکەی ژین لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە لە نووسینی محەمەد نووری و لە پێداچوونەوە و ئامادەکردنی سەلاحەدین ئاشتی لە ٣١٢ لاپەڕەدا و چاپی یەکەمی لە تیراژی ١٠٠٠ دانەدا چاپ کراوە.

نووری لە بەرھەمەکان و شیعر و نووسینەکانیدا زۆر بە جوانی نیشانیداوە کە بە دڵ و ھەستێکی زۆر پاکەوە لەوپەڕی جوانی ناسی و خاوەن ھەستیدا دەنووسێت و عەشق و خۆشەویستی وڵات و پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی دەوڵەمەند و رەسەنی کوردی بۆ ئەو گرینگییەکی یەکجار زۆری ھەیە.

ھەروەھا لە شیعر و ھۆنراوە و پەخشانەکانیدا چۆنییەتی دەربڕینی ھەست و بیری ئەدەبی و فیکریی تایبەت بە خۆی ھەیە و وەکوو شاعیرێکی خاوەن ھەستێکی جوان و ناسک خۆی دەردەخات و بەرھەمەکانی پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٥٥ تا ٦٠ ساڵ ھێشتا تازەن و مۆرکی تایبەتی ئەو شاعیرەیان پێوە دیارە و لە نێو جیھانی شیعری کوردیدا ھەر دەدرەوشێنەوە.




ڕێکه وت: سه شنبه 9 خرداد 1391برچسب:محەمەد نوری,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

جەلال مەلەکشا

 

 

 

جەلال مەلەکشا (١٩٥١- ) شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە. سالی ١٣٣٠ ک.ھ لە گوندی مەلەکشا سەربە شاری سنە ھاتوەتە دونیاوە. ھەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە کراوە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە.

جەلال وەکوو مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی لە ھەمبەر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنی و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم گەرناسییەوە تووشی دەردیسەر و ئازاری زیندانی زۆر بووە.

لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، دەبێتە ئەندامی «کانوونی نووسەرانی ئێران».

پاش ساڵی ١٣٥٧ ک.ھ لەغاوی قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی کوردی و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەکوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و بە ڕاستی پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی ئەدات.

شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سوێدی و... وەرگێڕدراون.

جەلال ئێستا (١٣٨٧ ک.ھ) لە شاری سنەیە و ھەرچەند کەوتوەتە بەر تووکەشەقی چارەنووس، بەڵام بێ گومان جەلال لەو نووسەرە دەگمەنانەیە کە قەد قەڵەمی نەبردوەتە قوربانگای نان و ناو و دەسەڵات. دوو شیعری «ھەتا لووتکە چەندی ماوە؟» «داستانی دارە پیرە» لە شیعرە بە ناوبانگەکانی جەلالن کە لە کتێبەکەی زڕەی زەنجیری وشە دیلەکان چاپ کراوە.
 

 

چه‌ند نموونه‌ له‌ شێعره‌کانی جه‌لال مه‌له‌کشا:
" شێعر "
شێعر که‌ هات
دڵیش ئیتر
ئۆقره‌ ناگرێ،ئه‌یدرکێنێ
پۆلیس بۆنی پێوه‌ ئه‌کا
بۆنئ ئازادی لێوه‌ بێ
هه‌رده‌ست به‌جێ
  ئه‌یخنکێنێ
                               1365   




ڕێکه وت: سه شنبه 9 خرداد 1391برچسب:جەلال مەلەکشا,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

سوارە ئیلخانیزادە

 

 

سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٥) ھۆنڕاوەنووسێکی بەناوبانگی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو. 

کاکە سوار کوڕی ئەحمەد ئاغای ئیلخانیزادە لە ساڵی ١٩٣٧ لە دێی تورجان لە ناوچەی بۆکان لە دایک بووە. پاش ساڵێک لە گوندی قەرەگوێز نیشتە جێ دەبن. سوارە خوێندنی سەرەتایی لە لای ماموستای تایبەتی دەست پێ کردووە و پاشان لە بۆکان و تەورێز درێژەی بە خوێندن داوە و لە زانکۆی تاران باوەڕنامە لە بواری مافدا وەرگرتووە.

شێعر و نووسراوەکانی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێران سخن و کوردستاندا چاپ کراون، ئەوجا لە بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دامەزراوە و بۆتە بەرپرسی بەرنامەی تاپۆبۆمەلێڵ. لەو ڕێگایەوە بەشێک لە جوانترین شاکارەکانی ئەدەبیاتی کوردی بە دەنگێکی گەرم و شێوەیکی وەستایانە بڵاوکردۆتەوە، ئەوەش لە کات و زەمانێکدا کە چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەر شتێک بە زمانی کوردی زیندان و جەزرەبەی لە دوا بووە.

لە شەوەزەنگی بێ دەنگی دا لە رۆژھەڵاتی کوردستان شێعر و پەخشانەکانی بە تایبەت لە ناو لاوەکاندا بیروھزر دروست دەکا!

“ خەوە بەردینە‌ ، شار، کچی بەیان“ ئەسکەندەر شاخی ھەیە، کەویار“ تاکە شێعر و پەخشانی بەناوبانگن، شانۆنامەی “ سەیدەوان“ و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی کوردی لە تەک شێعرەکانی فارسی دا ھێزوتوانای شاعیر و نووسەر و رۆشنبیرێک دەنووینن کە جێگای ھەردەم سەوز دەمێنێ.

تاپۆبۆمەلێڵ لە تاران و رۆژێک لە رۆژان لە بەغدا دوو پروگرامی بەپێز و ڕەنگین بوون کە لە ھەر دووک لا باشترین دەنگەکانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردیان بڵاو دەکردەوھ، لەوێ کوردستان موکریانی و عەبدوڵا پەشێو دەنگیان ھەڵدەبڕی، لێرەش عەلی حەسەنیانی و فاتخ شێخ ئولئیسلامی!

سوارە ئیلخانی زادە(سوارە)، عەلی حەسەنیانی(ھاوار) و فاتح شێخ ئولئیسلامی(چاوە) سێ چوکڵەی شێعری نوێی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان پێکدەھێنن و ئەوانە لە گەڵ عومەر سوڵتانی(وەفا) مەیدانی شێعری کوردییان پان و بەرینتر و ڕەنگین تر کرد!

سوارە بە منداڵی دووچاری نەخۆشی دەبێ و پاش سێ ساڵ لە جێگادا کەوتن، ژیان لە ئامێز دەگرێتەوە، بەڵام ژان لە ھەموو ساڵەکانی ژیانیدا لە گەڵی گەورە دەبێ! زیندان و زیندانبانەکانی ڕژیمیش لەشی تێک دەشکێنن، ھەتا سەرئەنجام لە نێوان ڕێگای ئێدارەی ڕادیۆ و تەلەوزیۆن و ماڵەکەیدا لە لایەن ھاوکارێکی خۆیەوە بەر ماشێن دەدرێ و چەند رۆژ پاشان لە زستانی ١٣٥٤(١٩٧٥) دوادەمەکانی ژیانی تەواو دەکا و بەرە و بۆکان دەیگەڕێنەوە و لە گومبەزی گوندی حەمامیان لە سەر بەرزاییکی وەک نالەشکێنە بەخاکی دەسپێرن، زیرەک و سوارە لە سەر دوو بەرزاییەوە دەڕواننە یەک .سوارەی ژین کورت بە تەمەن درێژی لە ناو فەرھەنگ و ئەدەبیاتدا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەدەبیاتی گەلەکەی خۆیدا.

ئەوەش بگوترێ تاقانە کوڕی سوارە لە تەمەنێکی کورتدا لە ھولەند دڵی لە وەستان دەکەوێ وداستانێکی تراژیک وەک سەیدەوان بە چەشنێکی تر لە یاددا دروست دەکا.

ژیانی ڕێڕەوانی شێعری نوێی کوردی خۆی رۆمانێکی دڵتەزین دەنوێنێ، دوای سوارە، عەلی حەسەنیانی لە پاش ژیانێکی پڕ ئازار لە ھەندەران دڵی لە وەستان دەکەوێ و تەرمەکەی خاکی دانمارک دیگرێتە خۆی. “چاوە“ش کە زەمانێک دەنگی ھەڵدەبڕی و بۆ ھەموو کوردستان ھاواری دەکرد: “ فەرشی ماڵەکەم پڕی خشت وخاڵ و ڕاتەکاندنی گەرەکە“، ئەمرۆ ھەر چوار سووچی فەرشی ماڵەکەی بەرداوە و ڕەنگە ئاوڕ لێ دانەوەش لای گران بێ، وەفاش پاش ئازارێکی چەند ساڵە ژیانی کۆتایی پێھات.

بەرھەمی چاپکراواوه کانی سواره ئیلخانی زاده:
خەوە بەردینە (سەرجەمی شێعرەکانی کوردی و فارسی)
تاپۆ و بوومەلێڵ (بەرھەمی پێشکەشکراو لە ڕادیو کوردی تاران)

 




ڕێکه وت: سه شنبه 9 خرداد 1391برچسب:سواره ئیلخانی زاده,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

زه بیحی 

 

 

زەبیحی (١٨٨١-١٩٤١) شاعیرێکی نەناسراوی کوردە، خەڵکی ناوچەی موکریانە، ناوی لە هیچ سەرچاوەیەکی ئەدەبی کوردی نەهاتووە.

شێخ باباسمایلی بەرزەنجی ناسراو بە (زەبیحی)، کوڕی شێخ ئەحمەد، کوڕی شێخ سمایلی جاشێران بەناوبانگ بە شێخ سمایلی کڵاوقووچ، کوڕی شێخ محەمەدی ئۆتەمیش، کوڕی شێخ بابای لەگز، ساڵی ١٨٨١ لە گوندی غەوسابادیی مەهاباد لە دایک بووە. شێخ ئەحمەدی باوکی زەبیحی برای شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی (١٨٥٩- ١٩١٥) یە، شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی بە هۆی فتوای دژ بە تورکانی عوسمانی، بە فەرمانی بابى عالی و بە دەستی ئەفسەری سوپای عوسمانی (عومەر ناجی بەگ) لە زستانی ساڵی ١٩١٥ لە گوندی کەرێزەی گڵی لە دار درا. زەبیحی خاوەنی دوو کوڕ و شەش کچ بوو، لە ساڵی ١٩٤١ لە تەمەنی شەست ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە لە گوندی جاشێرانی نزیک شنۆ نێژراوە.

زەبیحی شاعیرێکی بە توانا بووە و بە هەردوو زمانی کوردی و زمانی فارسی شیعری بەرزی لەدوا بەجێماوە کە تا ئێستا چاپ و بڵاو نەکراونەتەوە.شیعرەکانی زەبیحی بە هۆی پەیوەندی بنەماڵەیی بە تەریقەتەوە و پلەی شێخایەتی لە کوردستاندا، باری ئایینیان هەیە و دەکەونە خانەی غەزەلەکانی بەرزی عیرفانی. ئەوەی تا ئێستا لە شیعرەکانی زەبیحی بەدەست کەوتبێ هەر ئەوانەن کە لە تەکیە و خانەقاکاندا بە دەف لەلایەن دەنگخۆشانەوە گوتراون و بەهۆی وەرگرتنەوە لە زمانی ئەم و ئەو زۆر و کەم هەڵەیان تێکەوتووە. دەستنووسێکی دیوانی زبیحی تا ئێستا بەدی نەهاتووە.

نموونەیەک لە هۆنراوەکانی

ڕووی تۆ خورشیدە قوربان، یا نە ماهی ئەنوەرە
عاشقی بێچارە بۆ وەسڵی تۆ هەر سەوداسەرە
چاو لە ڕێگای دیتنی باڵای وەکو شمشادی تۆم
گەر دەبینم قامەتت بۆ من هەمیشە مەحشەرە
لەشکری زوڵفت لە بۆ قەتڵم هەمیشە حازرە
وەرنە سەیری تیری موژگانی لە دڵدا نەشتەرە
ڕووت گوڵ و نارنج و لیمۆ یا هەناری گوڵ بەدەم
دانەیی یاقووتە خاڵت غەبغەبت وەک کەوسەرە
پێم دەڵێن مەستە (زەبیحی) سەرخۆشە، نابێ خومار
چۆن نەنۆشم جامی مەی؟ خۆی ساقی و هەم دڵبەرە




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:زه بیحی,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

وه فایی 

 

 

وەفایی (١٨٤٤ ز - ١٩٠٢ ز) یان میرزا عەبدوڕڕە‌حیم کوڕی مەلا غەفوور کوڕی مەلا نەسڕوڵڵا، یەکێکە لە شاعیرانی کورد زمان.

 وەفایی لە شاری سابڵاغ (مەھاباد) لە ساڵی ١٨٤٤ ز لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و بەرنامەی حوجرەی مزگەوتی لە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی لە مەھاباد تەواو کردووە و ھەر لەوێش مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام لەناو خەڵکی بە مەلا نەناسراوە و تەنیا میرزایان پێ وتوە. ھیچ بەڵگەیێک بەدەستەوە نیە مەلایەتی کردبێ، بەڵام قوتابخانەی تایبەتی خۆی ھەبوە و وانەی بە منداڵان وتوە و پێی ژیاوە.

وەفایی فیزی زل بووە، زەکات و سەرفترەی وەرنەگرتووە، موچەی فەقێیاتی نەویستوە.

شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری شیعری وەفایی بەدڵ بووە، لەو ڕێگەیەوە ناسیویەتی، خۆشی ویستوە لەبەر ئەوە لێی نزیک بۆتەوە. ماوەیێکی درێژ لای ژیاوە، شیعری بۆ خوێندۆتەوە، سکرتێرییەتی نووسینی بۆ کردووە و کاروباری خوێندەواری بۆ بەڕێوە بردووە.

وەک لە ژیانی شاعیر دەردەکەوێ چوونە حەج لە لای جۆرە ئارەزووێکی لادروست بووە لە وانەیە بەھۆی ھەڵوێستی بەرامبەر ئایین و حەزکردن بەگەشت ئەم ئار‌ەزووەی لا دروست بووبێ.

لەدوا گەشتیدا بۆ سلێمانی لەساڵی ١٩٠٠ ز وا دەردەکەوێ ماوەیێک تێیدا ژیاوە و لەساڵی ١٩٠٢ ز حەجی سێیەمی کردووە. قسەی واش ھەیە لە ساڵی ١٨٩٨ ز لە گەڵ شێخ سەعید حەفید چووە بۆ ئەستەمووڵ و لەوێوە لەگەڵی ڕووی کردۆتە وڵاتی حیجاز.

ھەرچۆنێبێ وەفایی لەگەڵ‌ کاروانی شێخ سەعیدی حەفید و سەید ئەحمەدی خانەقا و شێخ مستەفای شێخ عەبدولسەمەدی قازی و حاجی تۆفیقی پیرەمێرد چوە بۆ حەج، ئەگەر ھەمووشیان لەو کاروانە دا نەبووبن لەڕێگەی گەڕانەوە ئەو کەسانە پێکەوە گەڕاونەتەوە.

لە سارای عەرەبستان لە سەردەمی گەڕانەوەی ئەو حاجیانە وەفایی تووشی نەخۆشی زەحیری دەبێ، مەرگ ماوەی نادا و ئەنجام لەو وڵاتە دوورەدا کۆچی دوایی دەکا و لە ناو لمی بادیەی عێراق یا بیابانی شام لە لایەن ھەواڵەکانییەوە لە ساڵی ١٩٠٢ ز دوور لە نیشتمان بەخاک دەسپێردرێ.

پیرەمێرد دەڵێ: "بەدەستی خۆم لە بیابان وەفاییم ناشتووە."

وەفایی سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی لەمەڵبەندی خۆی مەھاباد بردۆتە سەر. لەم ماوەیەدا خەریکی وەرگرتنی زانستی و زانیاری بووە. لەدوای ئەوە لەجێگەیێک ئۆقرەی نەگرتووە لە ھەکاری وڵاتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شاری سلێمانی ژیاوە. چوونە حەجیشی لەو سەردەمانەدا کاتی زۆری ژیانی شاعیری بۆ خۆی بردووە.
وەفایی له شێعری دا شوێن که‌وتووی نالیه وه زۆرێک له وشه‌کان و جوانیه ئه‌ده‌بیه‌کانی شێعری نالی له شێعری وەفاییش دا ئه‌بینین. ئاره‌زووی له له‌ف و نه‌شر بوه وه ئه‌م خاڵه له زۆری شێعره‌کانی دا ئه‌بینین.

 


نەخۆش و مەستی دوو چاوی کاڵم
حەقم بەدەستە ئەگەر بناڵم
بەغەمزەی چاوت بەخەندەی زارت
بردیان بەغارەت خەو و خەیاڵم
فەرمووت چلۆنی چ بڵێم عەزیزم
دوور لە زولفی تۆ، کافر بەحاڵم

سەبا دەخیلم ھە تاکو ماوم
بڵێ بەزاری بڕۆ بەخاڵم
دەمێکی بابێ دەوای دڵم کا
بە‌چاوەکانی گەلێ بێ حاڵم
(وەفایی) چی دیت لەسەر بگێڕێ
نەما لەسەر تۆ نە سەر نە ماڵم




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:وه فایی,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

مەستوورە ئەردەڵان 

 

 

 

مە‌ستوورە‌ی ئە‌ر‌دە‌ڵان (١٨٠٤ ز - ١٨٤٨ ز) شاعیر و مێژوونووسی کوردە‌. ناوی خۆی ماھ شە‌رە‌ف خانم بووە‌ و نازناوی مە‌ستوورە‌ بووە‌. دە‌وروبە‌ری ساڵی ١٢٢٠ ک.م (١٨٠٤ ز) لە‌ بنە‌ماڵە‌ی قادرییە‌کانی سنە دا، کە‌ ئە‌وسا زۆر لای والییە‌کان بە‌قە‌در بوون، لە‌ شاری سنە ھاتە‌ دنیا.

مامۆستا مە‌ولە‌ویی تاوە‌گۆزی لە پە‌سنی ئە‌و‌دا ئە‌م شیعرە‌ی گوتووە:

خورشیدەکەی ناز، ئەوجی بورجی سەور
سەرتوغرای دەفتەر مەحبووبان جە دەور
ھا لە خانەکەی بورجی شەرەف دا
نوورئەفشانیشەن وە ھەر تەرەف دا

ناوی ماھ ‌شە‌رە‌ف خانم و نازناوی مە‌ستوورە‌ بووە‌. دە‌وروبە‌ری ساڵی ١٢٢٠ ک.م (١٨٠٤ ز) لە‌ بنە‌ماڵە‌ی قادرییە‌کانی سنە‌ دا، کە‌ ئە‌وسا زۆر لای والییە‌کان بە‌قە‌در بوون، لە‌ شاری سنە‌ ھاتە‌ دنیا. باوکی، ئە‌ولە‌سە‌ن بە‌گ (ئە‌بولحە‌سە‌ن بە‌گ)، لە‌ پیاوە‌ رە‌سە‌نە‌کانی سنە‌ بووە‌ و بە‌ ماە‌شە‌رە‌ف خانمی خوێندووە‌ تا وەھای پێ گە‌یاندووە‌ کە‌ ناو دە‌رکا. لە‌ زە‌مانی خو‌سرە‌و خانی ئە‌ردە‌لان، والیی سنە‌، کە‌ بە‌ ناکام ناو براوە‌، خان و ماڵە‌ قادرییە‌کان لە‌ یە‌کتر رە‌نجاون و ئاشت بوونە‌وە‌ و بوونە‌ خزم. مە‌ستوورە‌ بۆتە‌ خێزانی خوسرە‌و خان. خانیش لە‌ شیعردانان دا لە‌ خانم نزیک بۆتە‌وە‌. لە‌ دیوانی ھە‌ردووکیان دا شیعر بە‌ یە‌کدا ھە‌ڵدانیان زۆر بە‌رچاوە‌. مە‌ستوورە‌ چل و چوار ساڵ تە‌مە‌نی بووە‌ کە‌ لە‌ سلێمانی مردووە‌ و ھە‌ر لە‌وێش نێژراوە‌.

مە‌ستوورە‌ لە‌ شیعردانان، چ بە‌ کوردی و چ بە‌ فارسی، زۆر خاوە‌ن دە‌ستە‌ڵات بووە‌. بە‌داخە‌وە‌ زۆربە‌ی شیعرە‌کانی لە‌ ناو چووگن و تە‌نیا دوھە‌زار بە‌یتێکی ماوە‌تە‌وە‌ کە‌ ساڵی ١٣٠٥ ک.ە (١٩٢٦ ز)، میرزا ئە‌سە‌دوڵڵا خانی کوردستانی، سە‌رۆکی فە‌رھە‌نگی سنە‌، لە‌ تاران چاپیانی کردووە‌. کوردییە‌کانی ھە‌ر زۆر کە‌م ماون بە‌ڵام لە‌ قە‌سیدە‌یە‌کی دا کە‌ بە‌م بە‌یتە‌وە‌ دە‌ست پێ دە‌کا:

گرفتارم بە‌ نازی چاوە‌کانی مە‌ستی فە‌تتانت
بریندارم بە‌ نێشی سینە‌دۆزی تیری موژگانت

وا دیار ئە‌دا کە‌ شیعرە‌ کوردییە‌کانیشی زۆر رە‌وان بووبێتن. خێوی کتێبی حە‌دیقە‌ی ناسری، کە‌ ئامۆزای مە‌ستوورە‌ بووە‌، ژمارە‌ی ھە‌ڵبە‌ستە‌کانی لە‌ قە‌سیدە‌ و غە‌زە‌ڵ و وردە‌ بابە‌ت، بە‌ نزیکە‌ی بیست ھە‌زار بە‌یت نووسیوە‌ بە‌ڵام "توحفە‌ی ناسری" کە‌ ئە‌ویش لە‌ مە‌ڕ کوردستان تاریخێکە‌، دە‌ ھە‌زاری لە‌و بیستە‌ کە‌م کردۆتە‌وە‌ و دە‌ڵێ دە‌ھە‌زار بە‌یتێکی و‌ەھۆندووە‌.

 




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:مەستوورە ئەردەڵان,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

حەریق

 

 

ساڵحی کوڕی مەلا نەسڕوڵڵا (١٨٥٦- ١٩٠٩) ناسراو بە حەریق یان حەریقی یەکێکە لە شاعیرانی کورد زمان.

حەریق لە ساڵی ١٨٥٦ لە گوندی زێویەی ناوچەی سوورداشی سلێمانی لە دایکبووە. زێویە کەوتۆتە قەدپاڵی لای ڕۆژھەڵاتی شاخی پیرەمەگروون. مەلا نەسڕوڵڵای باوکی حەریق لە بنجدا خەڵکی ئەو ناوچە کوردەوارییە بووە، کە لە ڕۆژگاری مێژوودا سەر بەدەسەڵاتی ئێران بوون. لە گوندی کاشتەر لە دایکبوە، ئەم ئاواریییە لەگەڵ گوندی لۆن کەوتوونەتە قەدپاڵی کێوی شاھۆ، زنجیرەیێکە لە نێوان ھەورامانی لھۆن و جۆانڕۆ. لە باشورەوە پاڵی داوەتە ماھیدەشت. مەلا نەسڕوڵڵا لە سەردھمی فەقێیەتیدا ڕوو دەکاتە ناوچەکانی دەوروبەری زێدی ژیانی باب و باپیرانی. لە پاشانا کە دەگاتە پلەی مەلایی گوندی زێویە دەبێتە مەڵبەندی ژیانی.

سەرەتا حەریق لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە، بەرنامە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی بەئەنجام گەیاندووە، وەک ڕێنووسی خوێندنی حوجرەی ئەو ڕۆژگارانە لە لای ھەندێ لە مەلایانی ئەو سەردەمە خوێندوویەتی، بەشێکی ماوەی سوختەیی لە مزگەو‌‌تی شێخ محەمەدی بەرزنجی لە سلێمانی بردۆتە سەر، لە پاشا بۆ فێربوونی ھەندێکی دیکە لە زانستییە پێویستییەکانی مەلایەتی بەرەو قەرەداغ کەوتۆتە ڕێ، ماوەیێک لەوێ خوێندوویەتی ئینجا ڕووی کردۆتە بیارە و ڕۆژانێک لەوێ ماوەتەوە، ئەوجا گەڕاوەتەوە سلێمانی.

حەریقلە ساڵی ١٨٨٤ ز چووە بۆ پێنجوێن لای مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێنی خوێندووویەتی، لەوێوە بەرەو موکریان کەوتۆتە ڕێ. لە ماوەی ژیانی ئەو وڵاتەیدا ئاشنایەتی لەگەڵ شێخ بورھان (شێخ یووسف شەمسەدین) پەیدا دەکا و لە خانەقای ئەو دەمێنێتەوە و مۆڵەتی ڕێگای نەقشبەندی لە شێخی بورھان وەردەگرێ. ماوەی ژیانی ساڵح لە خانەقا وەک سالیکێک بووە. سالیک نابێ ژن بێنێ، بەڵام ئەو بەدزی ژنی ھێناوە، لەبەر ئەوە شێخ لە خانەقا دەری کردووە.

تەنگوچەڵەمە لە ژیانی ساڵحدا زۆر بووە. جارێکیان بەھۆنراوەیەک یەکێ لە کوڕەکانی شێخ عوسمانی تەوێڵە دادەشۆرێنێ. ئاغا دێیێکە ناوی ئیعلزامولمولک بووە، بۆ ئەتک ڕێشی تاشیوە، شاعیر ناچار بووە لای قازی عەلی گەورەی وڵات شکات بکا، دادگا خەریک بووە ئاغاکە تاوانبار بکا بۆ ئەوەی توڵەی حەریق بکاتەوە. لەو ماوەیەی داوای حەریق لە دادگا دەبێ، کوڕێکی کورد لە گوندی قەباغلەندی کچێکی ئەرمەنی ھەڵدەگرێ، باوکی ئەو کچە سەر بەکاربەدەستانی ڕووسیا دەبێ و کێشەکەیان دەگاتە دادگا. ئیتر لەبەر گەورەیی ئەم کێشەیە داواکاری حەریقیان لە بیر دەچێتەوە. جارێکیا‌ن کابرایێک لە حەریق دەپرسێ ڕووداوەکەی ڕێشەکەی گەیشتە کوێ؟ لە وەڵامدا حەریق دەڵێت: "بابەلێ ڕیشی من لە ھینەکەی کچە ئەرمەنیدا ونبوو!"

پاشان حەریق بە ئیمام لە مزگەوتی سەید حەسەن، مزگەو‌‌تی ھەژارانیان پێ دەوت، لە سابلاغ (مەھاباد) دامەزرا. وەک مورید و سۆفییێکی شێخی بورھان ھەموو ژیانی لەوێ بردە سەر، تا لە ساڵی ١٩٠٩ لەوێ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی مەلا جامی نێژراوە. ئێستا جێی گۆڕی شاعیر نەماوە و ئەو گۆڕستانە بووە بەئاوەدانی.

 

حەریق شێعری کێشەداری نووسیوه و قافیەی له شێعرەکانیدا پاراستوه. له شێعرەکانیەوه وا دەردەکەوێت که زۆرترین ئیلهامی له شێعری نالی و مەولەوییەوه وەرگرتوه. حەریق بـڕوابەخۆی زۆری بوه بۆ نموونه له شێعرێکدا شان له شانی نالی دەدا و ڕەخنەی لێ دەگرێت و دەڵێت:

زۆر حەیفه ئەتۆ نالی، بەو پیریه منداڵی

بەو جۆره له عیشق ئەدوێی زیبا کچ و دیبا کوڕ

بۆ عیشقی حەقیقی بێ، تالیب مەبه ئیللا کوڕ

هەم حەزرەتی لەولا کوڕ، هەم یووسوفی والا کوڕ



ئەم شێعرەی له بەرامبەرکێ لەگەڵ شێعری بۆ عیشقی مەجازی بێ تالیب مەبه ئیللا کچی نالیدا نووسیوه.

هەروها وکوو مەولەوی به هەورامی بۆ شێخەکەی شێعری نووسیوه.

 

نموونەی شێعری حەریقی

بەشی ناسینی نامەردی لەکەسدا مەردی نابینم
لە لایێکی کە ڕوو گەرمی نەبێ دڵ سەردی نابینم
چ ڕوو سپییەک بەڕوو سووری لە بۆتەی ئیمتیحان دەرچوو
درۆ ناکەم بەوەجەی ڕاستی ڕوو زەردی نابینم
لە کەند و ڕەندی عالەم قەت مەپرسە گەر خیردەمەندی
خودا ھەڵناگرێ ڕەندم نەدیوە کەندی نابینم
لە کەس وردیم نەدیوە تا درشتی بێ نمایان بێ
کەسێ بڕوێش دەکا و لافی دەقیقە وردی نابینم
گەلێ کەس دەستی چا دەڕوا وەکو چا ئابڕووی ڕۆیی
بەڵام بۆ دین وەکو دنیا بەدەستوبردی نابینم
ئەوەی عاریف بێ دەیزانی ئەمن چم گوتووە لام باشە
دەڵێم زاھید بەدارا چی ئەمن وەک بەردی نابینم
(حەریق) دەردی گرانە دەردی بێ ھاودەردیە
لە ھاودەردی گەڕاوم حەیفێ ھیچ ھادەردێ نابینم


 




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:حەریق,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

پیرەمێرد 

 

تۆفیق مەحموود ھەمزە ناسراو بە پیرەمێرد و حاجی تۆفیق بەگ (١٨٦٧- ١٩٥٠) شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە سلێمانی لەدایکدەبێ و لە لاویدا زانستی ئایینی دەخوێنێت. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت و لە حکومەتی عوسمانیدا لە چەند پۆستی ئیداری و سیاسیدا دادەمەزرێ. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی دەبێ. پیرەمێرد بەرھەمی ئەدەبیی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کردوە.

ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی ١٨٦٧ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی شەش حەوت ساڵیدا، لە سلێمانیدا نێرراوەتە حوجرە و مزگەوت و پاش ماوەیەک ئەبێ بە فەقێ لە مزگەوتی ھەمزاغای باپیری و لای مەلا مەحمود ناوێک دەستدەکات بە خوێندن و فێربوونی عەرەبی و وانەی ئایینی. لە خوێندنی عیرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست ئەکا بە خوێندنی سیوتی. پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی شاری سلێمانی گەڕاوە ئەوسا ڕووی کردۆتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. کە لە بانەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لە ١٨٨٢ دا لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا، کراوە بە نووسەری بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە لە سلێمانی. لە ١٨٨٣ دا کراوە بە نووسەری ئەملاکی ھومایۆنی لە ھەڵەبجە. لە ١٨٨٦دا کراوە بە سەرنووسەری دادگای شارباژێڕ، ئەو دەمە پێیان وتووە «باشکاتب». لە ١٨٩٥ دا کراوە بە یاریدەری داواکاری گشتی لە کەربەلا، بەڵام ئەو کارەی بەدڵ نەبووە و وازی لە فەرمانی میری ھێناوە.

شێخ مستەفای نەقیب کردوویەتی بە جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ژیانێکی باش و لەباری بۆ گونجاند. لەسەر بانگھێشتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید کاروانێک ڕێکدەخەن لە ١٨٩٨ دا دەچن بۆ تورکیا، پیرەمێرد ھاوسەفەریان دەبێت. ساڵی ١٨٩٩ شێخ سەعید و پیرەمێرد پێکەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەنبوڵ سەید ئەحمەدی خانەقا و وەفاییی شاعیریشیان لەگەڵ دەبێ، وەفایی لە ڕێگا کۆچی دواییکردووە.

لەساڵی ١٨٩٩ دا بەفەرمانی شاھانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ. بەھۆی عیزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت، بڕوانامەی یاساناس وەردەگریت. لە ١٩٠٥ تا ١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە. لە ١٩٠٧ دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کورد کە بە نھێنی پێکھاتبوو بە سەرۆکایەتی شێخ عەبدولقادری شەمزینی.
لە ئەیلوولی ١٩٠٩ دا بووە قائیمقامی چۆڵەمێرگ
لە نیسانی ١٩١٢ دا بووە قائیمقامی قەرەمورسل
لە شوباتی ١٩١٥ دا بووە بە قائیمقامی بالاوا
لە ئەیلولی ١٩١٦ دا بووە بە قائیمقامی بیت الشباب
لە مارتی ١٩١٧ دا بووە بە قائیمقامی گموش کوی. لەھەمان ساڵدا بەھەمان پلە چۆتە ئیتەپازاری، ھەگەلی ئوتە کە دورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.
لە نیسانی ١٩١٨ دا بووە بە پارێزگاری (موتەسەڕیف) شاری ئەماسیە لە تورکیا. تاکوو ساڵی ١٩٢٣ لەوێ بووە.

حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا ڕابواردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی (نەژاد و وەداد) لێ ھەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانیەوە دەست ئەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆناردوە وە داوای گەڕانەوەیان لێکردوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بە ھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی ١٩٢٣ پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ ئەھێڵێت و لەڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەب دا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بەھەواڵێک بڵاودەکاتەوە: «جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتۆتەوە، شەوی ٣٠ی کانونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسرور و خۆشحاڵە، بەناوی ھەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین» .

پیرەمێرد تا دواھەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە، تا لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠ دا، بەرانبەر بە ٤ی ڕەمەزانی ١٣٦٩ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردوە. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاھەنگ گێڕانی جەژنی نەورۆزی بوو، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە.

پیرەمێرد لە ساڵەکانی یەکەمی گەیشتنی بە تورکیا و ھەر لەو کاتەوە کە ئەندامی مەجلیسی عالی ئەستەنبوڵ و خوێندکاری کۆلیژی یاسا بووە، دەستی کردووە بە نووسین و وەرگێڕانی شیعر و وتار و زیندووکردنەوەی وێژەی کوردی و ناساندنی بەو جیھانە نوێیە. لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا یا خاوەن و سەرنووسەر بووە یاخود لە دەستەی نووسەراندا بووە و نووسەرێکی چالاک بووە.

کاتێک لەساڵی ١٩٢٤ دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش ٢٥ ساڵ ژیان لەتورکیا وای چاوەڕواندەکرد ئەو وڵاتەی لە ١٨٩٨ جێی ھێشتووە گۆڕابێت و لەبارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلەوپایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە ھاتبۆوە، بەھیچ جۆرێک بەلای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری میریدا نەچوو، ڕۆژنامەی بەپێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لەخۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەنبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەنبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بەیەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، وەجیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا. پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەرئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بەمەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە میللەت تا خوێندەوار نەبێت ھەنگاوێک نانێت. ھەر لەبەرئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستی دا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لەبەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ ھێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا، و گەرمتر و جوانتر شیعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.

پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا ئەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی توخنی کاری میری بکەوێت، لە ساڵی ١٩٢٦ دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەرئەھێنێت بە سەرۆکایەتی حسێن کازم و پیرەمێردیش ئەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە.

لە ساڵی ١٩٣٢ دا حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی ١٩٣٤دا چاپخانەکەی شارەوانی بەکرێ ئەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان ئەگۆڕێتە سەرخۆی.

لە ساڵی ١٩٣٧ دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵنادات ئەچێت خانووەکەی ئەخاتە ڕەھنی بەڕیوبەرایەتی "ھەتیوان"ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەرئەگرێت وە بە ناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری ئەھێنێت و چاپخانەی ژینی دادەمەزرێنێت.

لەو ڕۆژنامە و بڵاوکراوانەی کە پیرەمێرد بەشداری تیا کردوون:
ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو. خاوەنی ئیمتیاز پیرەمێرد بوو.
ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی بە دوو زمانی کوردی و تورکی لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو، لە ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٠٨ تاکوو حوزەیرانی ١٩٠٩ بەردەوام بووە. خاوەنی ئیمتیاز حاجی تۆفیق بەگ بووە و سەرنووسەرەکەی ئەحمەد جەمیل پاشا بووە. لەو دەمەدا دەنگی کۆمەڵەی کورد بووە کە شێخ عەبدولقادری شەمزینی سەرۆکی بووە.
ڕۆژنامەی مسەوڕ موحیت (مصور محیط) کە پیرەمێرد لەگەڵ فایق سەبری بەگ دەریدەکرد.
گۆڤاری ژین لە ئەستەنبوڵ لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ بە دوو زمانی کوردی و تورکی دەرچووە، پیرەمێرد لە زۆربەی ژمارەکانیدا شیعر و نووسین و وەرگێڕانی ھەیە.
ڕۆژنامەی شەمس لە تاران دەردەچوو، ئەو کاتەی لە تورکیا بوو زۆر جار شیعر و نووسینی ئەنارد بۆ تاران بۆ بڵاوکردنەوە، ئەم ڕۆژنامەیە سەید حسێنی ئێرانی خاوەنی بوو..
ڕۆژنامەی ژین کە خۆی لە سلێمانی چاپیدەکرد. وەک درێژکراوەیەکی ڕۆژنامەی ژیان. ڕۆژنامەی ژین ٥٥٣ ژمارەی لێ چاپکرا. یەکەم ژمارەکەی لە ١٩٣٩دا دەرکرد و تا کۆچی دواییی کرد لە ١٩٥٠ دا بەردەوامبوو و بە ژمارە ١٠١٥ی گەیاند. دوای خۆیشی جەمیل سائیب و نووری ئەمین بەگ و گۆران و ئەحمەد زرنگ بەرودوا تا ساڵی ١٩٦٣ گەیاندیانە ژمارەی کۆتاییی (١٧١٤). ئەمڕۆکە بنکەی ژین لە سلێمانی لە ھەوڵی دەرکردنی گۆڤارێکدان بەناوی گۆڤاری ژین

بەدەر لەوانەی سەرەوە، پیرەمێرد لەگەلێک بڵاوکراوەی تردا دەست ڕەنگینی خۆی لە نووسیندا نیشانداوە و چالاک بووە:
گۆڤاری فەرھەنگ و ڕۆژنامەی «شفق سرخ» کە لە تاران دەردەچوون، پیرەمێرد دەڵێت: «ھەمیشە من لە ئەستەنبوڵەوە مەقالەو شیعرم بۆ ئەناردن».
زۆرجار سەروتاری بۆ ڕۆژنامەی «ئیقدام» و «حوڕییەت» ئەنووسی.
گۆڤاری ئیجتیھاد لە ئەستەنبوڵ لە ساڵەکانی ١٩٠٤-١٩١٢ لەلایەن عەبدوڵڵا جەودەتەوە دەردەچوو. پیرەمێرد بەرھەمی خۆی تیا بڵاوکردۆتەوە. لەمبارەیەوە دەڵێت: «عەبدوڵلا جەودەت» لەپاش مەشروتییەت کە لە ئەوروپاوە ھاتەوە، لە ئەستەمبوڵ بوو، زۆرتر لەھەموو کەس من لە خزمەتیا بووم، خۆم و نەژادی کوڕم بە (نەزم و نەسر) لە مجەلەکەیدا خزمەتمان ھەیە».
لە ڕۆژنامەی «ترجماتی حقیقت»ی مامۆستا موعەلیم ناجی کە لە تورکیا دەردەچوو شیعری بڵاوکردۆتەوە.
 شیعر و نووسینی ناردوە بۆ ڕۆژنامەی تان کە لە پاریس دەردەچوو، بەھۆی داوود حەیدەری کوڕی ئیبراھیم حەیدەرییەوە، کە لە دەرچووانی خوێندنی باڵای فەڕەنسا بوو.

جگە لە جێدەستی لە ڕۆژنامەگری کوردیدا، پیرەمێرد خاوەنی دیوانێکی شیعرییە، کە چەندین جۆر و بواری شیعری تیا بەدی دەکرێت؛ کۆمەڵایەتی، فەلسەفە، ڕامیاری و هتد بەرھەمەکانی بەناوی «حاجی تۆفیق بەگ»ەوە بڵاودەبوەوە، کاتێک کە پیرەمێرد لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، تەمەنی بەرەو پیربوون دەچێت، کە ساڵی ١٩٣٢ شیعری «بەیانی بوو لەخەو ھەستام» بڵاودەکاتەوە، بۆ یەکەمجار نازناوی پیرەمێرد بۆخۆی ھەڵدەبژێرێت و دەینووسێت، لەوەبەدواوە بە پیرەمێرد دەناسرێت. کە لە تورکیا بوو بەناوی جیاجیا شتی بڵاوکردۆتەوە: سلیمانیەلی توفیق، س.ت، سلیمانیەلی مەحمود نەژاد، سلیمانیەلی م. نەژاد تۆفیق، م.م، سلیمانیەلی وداد، اسماعیل وداد.

پیرەمێرد خۆی لەیاداشتەکانیدا باسی دەکات و بە بەرھەم و کاری ئەدەبیش ساخ بۆتەوە، کە بەچاکی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی زانیوە. لە نووسینی فارسیدا دەستێکی زۆر باڵای ھەبووە وەکو ئەڵێن لەو دەمەی خۆیدا مەگەر تەنیا سلێمان بەگی باوکی گۆران، لە ئاستی پیرەمێرد لە فارسیدا شارەزایی بوبێت. خوێندنی ئەو کاتەی پیرەمێرد لە کوردستاندا زیاتر فارسی بووە و تێکەڵ بوونی تورکیش لە کوردستاندا بەھۆی دەوڵەتی عوسمانی و کار و فرمانی ڕەسمییەوە و مانەوەی پیرەمێرد ٢٥ ساڵ لە تورکیا، و ئەو نووسین و شیعرانەی بەتورکی بڵاوی کردونەتەوە..

پیرمێرد خاوەنی چەند کتێبێکە، لەو کتێبە چاپکراوانەش :
دیوانی مەولەوی (ئەسڵ و ڕۆح)، ساڵی ١٩٣٥ لەچاپخانەی خۆی بە دوو بەرگ لەچاپی داون.
چیرۆکی مەم و زین
دوانزە سوارەی مەریوان، ١٩٣٥
کتێبی پەندی پێشینان، ١٩٣٦
چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل،١٩٤٢
گاڵتەوگەپ ساڵی ١٩٤٧، بریتییە لە ھەندێک ڕووداوی خۆشی ناو کۆمەڵی کوردەواری، ھەم بۆ پێکەنین و ھەم بۆ پەند وەرگرتنە.
دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی - بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە.
شیعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە ھەورامییەوە کردوویە بە شێوەی سلێمانی.
شیعری گەلێ لەشاعیرانی ھەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردۆتەوەوەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵلابەگی زەنگەنە و ھتد.
زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.

لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کورد:
گەشتی ھۆنەرمەندێک لە جیھاندا
ڕۆمانی کەمانجەژەن، ١٩٤٢، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی.

کاکەی فەلاح پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە کەس و کاری پیرەمێرد، ھەندێک لەم کتێبانەی سەرلەنوێ لە چاپدایەوە

 

پەندەکانی پیرەمێرد

پیرەمێرد خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە لە پەندی پێشینانی کوردییەوە ھەڵقوڵاون و لە ناو ھۆنراوەکانیدا ھۆنیونییەتەوە، کەژمارەیان دەگاتە ٤٨٠٠ پەند، زۆربەی پەندەکانی ڕۆژانە دەینووسی و لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوی دەکردنەوە، پاش مردنی خۆی، کاکەی فەلاح کۆی کردوونەتەوە و ڕێکیخستوون و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپکراون.

نموونەی پارچەیەک لە پەندەکانی پیرەمێرد:
وتیان بە ڕێوی شاھیدت کێیە؟|وتی کلکی خۆم، باوەڕم پێیە
حەزدەکەی دوور بی لە گێرە و کێشە|بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە
بەسمان بەسەردا لێدە گیزو فیز|پێوەدان خۆشە نەوەک ویزەویز
لە شارو لادێ ئەم نەقڵە باوە|گیای شین بە جێگای سەختەوە ماوە
شەڕنەکەر پیشەی زوو دانیشتنە|بەردی زل بەڵگەی نەھاویشتنە
ئاو بتبا مەچۆ سەر پردی نامەرد|چش با بخنکێی بە سەد ئێش و دەرد
وتیان پشیلـە، گووت بە دەرمانە|دایپۆشی بە خۆڵ ئەو بێویژدانە
شوێن بۆ سەر پیشەی خۆی دەچێتەوە|گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە
قەل ئەڵێن لاسای کەوی کردەوە|ڕۆینەکەی خۆیشی لەبیر بردەوە
مەشھورە بزن بۆ تاقە شەوێ|جێگای خۆش دەکا لە کوێ وەرکەوێ
ناشکوری مەکە بەم بەشە کاکە|لە قوڕ ئەوەندە تۆز ھەستێ چاکە
زۆر گوڕتان خوارد و بازێكتان نه‌دا|بۆیه‌ باوه‌ڕتان پێناكه‌ین به‌ خوا.
ئمڕۆ به‌ كه‌ڵكه‌ تۆ به‌ دۆست ده‌رچی|پاش لێزمه‌ و باران كه‌په‌نك بۆچی.
مادام دنیایه‌ و ئه‌مانه‌ی تیایه‌|پیاوی دنیایی له‌ بره‌ودایه‌.
كه‌ قه‌له‌ڕه‌شمان ڕێ نیشانده‌ر بێ|ئه‌بێ گه‌وره‌مان هه‌ر ده‌ربه‌ده‌ر بێ.
ئه‌مه‌ دووجاره‌ ئه‌كه‌وینه‌ چاڵ|زه‌ره‌ ده‌بینین به‌ ماڵ و مناڵ.
هێشتا پیاوی چاك لێك ناكه‌ینه‌وه‌|گره‌و له‌ پیاوی به‌د نابه‌ینه‌وه‌.
ناوه‌جاخ بێنه‌ بیخه‌ره‌ سه‌ر كار|له‌ پێشدا برای خۆی ئه‌دا له‌ دار.
سوحبه‌تی نادان تاڵ ڕابواردنه‌|له‌ دوای كه‌ر ڕۆیین ته‌رس بۆن كردنه‌.
مه‌یه‌ڵن نه‌فام ده‌نگی ده‌ربێنێ|سه‌گی هه‌ڵه‌وه‌ڕ دزتان بۆ دێنێ.
شێخ ئه‌ڵێ: ئاگام له‌ عه‌رش و قورشه‌|كێت دیوه‌ به‌ دۆی خۆی بڵێ ترشه‌.
سه‌بری عاشق و پاره‌ی ده‌ست بڵاو|قه‌رار ناگرن بیشیان خه‌یته‌ داو.
ئه‌وی به‌ هێزی قۆڵی ئه‌نازێ|زوو په‌كی ئه‌خا سه‌ختی هه‌ورازێ.
به‌ ڕێسی خه‌ڵكی بۆچ ئه‌ڵێی: په‌ته‌|زوبانت بێڵێ سه‌رت ڕه‌حه‌ته‌.
پیاوی زۆربڵێ بۆ دۆزه‌خ به‌ره‌|له‌وێشدا ئه‌ڵێ: داره‌كه‌ی ته‌ڕه‌.
ئاگری درۆزن ساتێك ئه‌گڕێ|به‌ڕه‌ هه‌ر له‌ لای ته‌نكی ئه‌دڕێ.
ئه‌م قه‌ومه‌ وه‌كو مه‌ڕی بێ زمان|دوای هه‌ركه‌سێ كه‌وت نه‌یبرده‌ ناوڕان.
وا دامه‌نیشه‌ ته‌مه‌ڵ و به‌تاڵ|تا نه‌گری مه‌مك ناده‌ن به‌ مناڵ.

 

نەورۆز لە شیعرە ھەرە بەناوبانگەکانی پیرەمێردە کە لە ئاداری ١٩٤٨دا وتوویەتی.

 

                                                                     نەورۆز

 

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز ھاتەوە                          جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە
چەند ساڵ گوڵی ھیوای ئێمە پێ‌پەست بوو تاکو پار        ھەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەھار 
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد             مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەھای خستە جەرگەوە               لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
ئەوا ڕۆژھەڵات، لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە                خوێنی شەھیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا                     قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە ھەڵمەتا    
پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گرین              نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:پیرەمێرد,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

گۆران 

 

عەبدوڵڵا سلێمان ناسراو بە گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢) شاعیر و ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسیی کورد بوو. لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگە سەرەتاییەکانی ئەو ناوچەیەدا مامۆستا بووە. پاشان چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی دەستپێدەکات و چەند جار دەخرێتە بەندیخانە. لە ١٩٥٢ەوە تا کۆتایی ژیانی لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا وتار و بابەتی دەنووسی و چەند کتێبی ھۆنراوەشی نووسیوە. گرینگیی گۆران لەوەدایە کە یەکەم شاعیری نوێی کوردە کە شێوازی عەرووزیی عەرەبی لە شیعری کوردیدا لابردووە و بە شێوازی فولکلۆری کوردی ھۆنراوەی نووسیوە.

ھەڵەبجە چونکە خۆیان بە جاف زانیوە ‌و لەوێ جێگر ئەبن.

گۆران لە ساڵی ١٩٠٤ یان لە ١٩٠٥دا لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. لای باوکی قورئان ‌و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە مزگەوتی پاشا‌ی ھەڵەبجە بووە بە فەقێ. لە دوا ساڵەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم ‌و سەرەتای ھاتنی ئینگلیزدا، بۆ ماوەیەک ھەڵەبجە چۆڵ دەبێت ‌و خەڵک ڕوودەکەنە لادێکانی دەوروپشت. ماڵی باوکی گۆرانیش لە بەھاری ١٩١٩ەوە تا پاییزی ئەو ساڵە ڕوودەکەن چەمی بیارە ‌و لەوێ لە باخێکدا ھەوار دەخەون ‌و بۆ پایز ئەگەرێنەوە بۆ ھەڵەبجە. کە یەکەم قوتابخانەی زمانی تورک لە ھەڵەبجە دانرا، بۆ پۆلی یەکەم وەرگیراوە. وەک گۆران خۆی گێڕاویەتەوە چوونی بۆ قوتابخانە پچڕپچڕ بووە. پۆلی چوارەمی لە سەردەمی داگیرکرانی ھەڵەبجەدا لەلایەن ئینگلیز‌ەوە تەواو کردووە.

لە ١٩١٩دا سلێمان بەگی باوکی گۆران کۆچی دوایی دەکات. پاشان لە ١٩٢١دا موحەممەد بەگی برای، بە ھاندانی مستەفا سائیب، لەگەڵ عەبولواحید نووریی خاڵۆزایدا دەیاننێرێت بۆ قوتابجانەی عیلمییەی کەرکووک بۆ خوێندن. بەڵام ھەر لەو ساڵەدا موحەممەد بەگی برایشی دەکوژرێ. ئیتر گۆران کەسی وەھای نامێنێ گوزەرانی خوێندنی خۆی ‌و ژیانی دایکی ببات بەڕێوە، لەبەرئەوە دەست لە خوێندن ھەڵئەگرێت ‌و لە ساڵی ١٩٢٢ەوە تا ساڵی ١٩٢٥ گەلێ دەست تەنگی ئەچێژێ.گۆران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٥دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەی ھەڵەبجە دامەزراوە ‌و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە.

پاش ١٩٣٧ ماوەیەک بێکار ئەمێنیتە و دواییش بە یارمەتیی تۆفیق وەھبی گوێزراوەتەوە بۆ دایەرەی ئەشغاڵ بەشی «کاروباری ڕێگاوبان» ‌و تا گیرانی یەکەمی لە ١٩٥١دا لەو بەشەدا ئەمێنێتەوە. لەو بەینەدا چەند ساڵێک لەگەڵ چەند ڕۆشنبیرێکی تری کورددا دەچێ بۆ یافا لە فەلەستین و لە ئێستگەی ڕادیۆی ڕۆژھەڵاتی نزیک بە مەبەستی بەشداری لە خەباتدا لە دژی فاشیزم، بەشی کوردستان دەکەنەوە.

لە تشرینی دووەمی ١٩٥٢دا لە بەندیخانەی یەکەمی دێتەدەر و دەچێ بۆ سلێمانی ‌و دەبێ بە بەرپرسی ڕۆژنامەی ژین. تا ئەیلوولی ١٩٥٤ لەسەر ئەم کارە ئەمێنێتەوە. لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٤دا بۆ جاری دووھەم لەگەڵ کۆمەڵێ لە ئاشتی خوازانی سلێمانی دەگیرێ و فەرمانی ساڵێ بەند و ساڵێ خستنە ژێر چاودێریی پۆلیسی بەسەردا ئەدرێ. ماوەی بەندکردنەکەی لە سلێمانی، کەرکووک، کوت، بەعقووبە ‌و نوگرە سەلمان ‌و ماوەی چاودێرییەکەشی لە بەدرە بەسەردەبا. لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٥٦ دا ئەم فەرمانی بەندکردنەی تەواو دەکات و ئازاد دەکرێت ‌و دەچێتە بەغدا و چەند ڕۆژێک لەوێ لە یەکێک لە پڕوژە میریەکانی خانوودا ئەبێت بە چاوەشی کرێکار.

کاتێک کە ئیسرائیل ھێرش دەباتە سەر میسر، دوای ڕاس بوونەوەی عەرەبەکان لە ئیسرائیل، بڕێک لە کوردەکانیش بە ناوی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵیان پەیمانی برایەتی دەبەسن. گۆرانیش لەوانەی و دەیگرن و لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٥٦دا دادگای عورفی لە کەرکووک فەرمانی سێ ساڵ بەندی بە بارمتە دانانی ھەزار دیناری کاتی دەسەپێنێت بەسەریدا، ئەویش بەوەی کە تا سێ ساڵ ورتەوی لە دەم دەرنەیەت ‌و کردەوەی ‌وای لێ نەوەشێتەوە میری پێی دڵگران ببێ. گۆران نە ھەزار دینارەکەی ئەبێ ‌و ئە ئەشیەوێ گفتی وەھا بە میری بدات، بۆیە ئەخرێتەوە بەندیخانە ‌و تا ١٠ی ئابی ١٩٥٨ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژ لە زینداندا ئازاد دەکرێت. گۆران ئەم ماوەیەی بەندیخانەی کەرکووک و بەعقووبە بەسەربردووە.

پاش بەربوونی لە زیندان ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و پاش ئەوە بە ماوەیەک لەگەڵ شاندێکی میللی سەر لە یەکێتیی سۆڤیەت و چین ‌و کۆریای باکوور ئەدا.

لە سەرەتای ١٩٥٩دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق ئەگرێتە دەست و بە ناوی بەیان دەردەکات. لە ئیسکانی سلێمانیش دایدەمەزرێنێت و تا ناوەڕاستی ١٩٦٠ کاری تێدا دەکات. ئەنجا بەبیانووی ئەوەوە کە گوایە بێپرس کاری بەجێھێشتووە - کار بەجێھێشتنەکەی بۆ چوون بوە بۆ شەقڵاوە بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی دووھەمی مامۆستایانی کورددا - لەسەر کار لای ‌دەبەن.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٠دا دێتە بەغدا و ئەبێ بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی کوردیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی.

یەکەمین کۆمەڵە شێعری گۆران بە ناوی «بەھەشت و یادگار» لە ١٩٥٠ لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپ دراوە. ناوەڕۆکی ئەم بەشی دیوانەی ھەروەکو خۆی لە سەرەتای کۆمەڵە شێعرێکیدا ئاماژەی پێ کردووە «سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە» و مامۆستا پێشکەشی دەکات بەو «شۆخ و نازدارانە کە جوانییان وەک تێغ نابڕێ، وەک چرا پێش چاو ڕووناک ئەکاتەوە».

لە ساڵی ١٩٥٤دا لە چاپخانەی ژین قەسیدە درێژەکەی «پەیامی کورد بۆ میھرەجانی چوارەمی گەنجان و قوتابییان لە بوخاریست» لە چاپ دەدات.

لە ١٩٥٨دا گۆران بەنیاز بووە کۆمەڵەشێعرێک بە ناوی «سروشت و دەروون» لە چاپ دا کە دوای خستنە ژێر چاپی تەواوی نەکرد کە پاشان لە لایەن «ھۆگر»ی کوڕی و براکانی لە ١٩٦٨دا بە ناوی «سروشت و دەروون لە گەڵ ئۆپەرێتی ئەنجامی یاران» لە چاپ دراوە.

گۆران زۆر باش ئاگاداری نوێ بوونەوەی ئەدەبیاتی گەلانی تر وەک تورک و ئینگلیزی بووە چون نەویستووە لە ئەدەبیاتی ڕۆژ دوور کەوێتەوە دەستی داوەتە وەرگێڕان. گۆران یەکەم شاعیری کورد بووە کە شێوازی کۆنی عەرووزی بەلا دەنێت و شیعری کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ شێوازی ھیجای کوردی. باوڕی وابووە کە ئەبێت شێعری کوردی لە عەرووزەوە بگرێتەوە بۆ سەر کێشی پەنجە(ھیجا)ی کوردی. ئەو کێشەی کە فلکلۆری کوردی و شیعری ھەورامی لە سەردەمی ئەردەڵانییەکان پی ھۆنراوەتەوە. ھەر لەم بارەوە دوای شیکردنەوەی مانای شیعر لە زمان چەند ناوداری جیھانی، پاشان ئەلێت: «.. بە دروستیش سەرنج بدەین ئەبینین، کە لە گشت زمانەکانی رووی زەویدا شیعرێک، بە شیعر دانرابێ و پشتاوپشت ھەتا ئێستا بە جێ ھێڵرابێ ھەر ئەو شیعرانەن، کە بە پێی تابەتێتی و پێوانەی نەتەوەی عائیدی خۆیان وەزنێک تایبەتییان ھەیە. تەنانەت قافیەش لەناو ھەندێ نەتەوەدا بە پێویستی بنجی(ئەسڵی)دائەنرێ بۆ شیعر، ئەگەرچی شیعری ئەم نەتەوانە ھەرگیز وەک ھی ئەوانی تر نەیتوانیوە بە کێوی ناوبانگی ئیتاتیکی بە ناوی شیعری پەخشانەوە، ناو بە ناو ئایا بخوێنینەوە.» ئەو نوێ خوازیە دەبێت بە ھۆی ئاڵگوڕێکی نوێ لە دنیای ئێستای شیعری کوردیدا.

گۆران بێجگە لە شیعر دەستێکی بەرزیشی لە بواری پەخشاندا بووە. پەخشانی گۆران ڕەنگدانەوەی سەردەمی ژیانی خۆیەتی و خۆیشی بەردەوام نەبووە لە سەریان و لە ڕاستیدا ئەو گرنگییەی بە شیعرەکانی داوە و ھەوڵی تازە کردنەوەی تێدا داوە بەو شێوەیە لە پەخشانەکاندا کاری نەکردووە.

لە کاتی ژیانیدا سێ دیوانە شیعری «بەھەشت و یادگار» و «فرمێسک و ھونەر» و «پەیامی کورد» ھەروەھا لە ١٩٥٣ و ١٩٦١دا ھەڵبژاردەیەکی چیرۆکی بێگانە و ھێندێ سەرنجی رەخنەگرانەی بە چاپ گەیاندووە بەڵام گۆران زۆر بە ئاوات بوو تا پێش مەرگی دیوانە شێعرەکەی لە چاپ بدرێت. لە ١٩٧٨ لیژنەیەک پێکھاتوو لە محەممەدی مەلاکەریم، دوکتۆر عێزەدین مستەفا، کاکەی فەلاح ، حەمەکەریم فەتحوڵڵا، جەلال دەباغ و ھۆگر گۆران و ھێرۆ گۆران و ئەژی گۆران بۆ کۆ کردنەوەی بەرھەم و شێعرەکانی کە زۆربەی لە گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکانی دەرەوە و ناوەوەی عێراق بڵاو کرابوونەوە، وەک گۆڤاری ھاوار لە سووریا و ڕۆژنامەی ژیانەوە و دەنگی داس و ژین و ئازادی و گۆڤاری گەلاوێژ و دەنگی گێتی تازە و ھیوا و شەفەق و بەیان و بڵێسە و رووناھی و نامیلکەی دیاریی لاوان و یادگاری لاوانی عێراق ئەکەونە تەقالادان و بەم بۆنەیەوە ئاگاداری و بانگەوازێک بو ئەدەب دوستان لە ڕۆژنامەی «بیری نوێ» ژمارەی ٢٧٧ و «پاشکۆی عێراق» ژمارەکانی ١٢و١٣ بڵاو ئەکەنەوە. لە ئاکامدا دیوانەکەی لە ساڵی ١٩٨٠ ئەکۆیتە بەر چاوی خوێنەران و ھۆگرانی شێعری کوردی.

لە سەرەتای ١٩٦٢دا دەردەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. نەشتەرگەرێکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ دەکرێ بەڵام پاش وادە. پاش ئەو نەشتەرگەرییە لە نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە بەسەر دەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ ئێراق. پاش گەڕانەوەی بە ماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرھەڵدەداتەوە. لەبەر ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێدا ئەکەوێ. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٢ ژیانی کۆتایی پێدێت.

بەھەشت و یادگار، بەغدا، ١٩٥٠
فرمێسک و ھونەر، بەغدا، ١٩٦٨
سروشت و دەروون، سلێمانی، ١٩٦٩
لاوک و پەیام، سلێمانی، ١٩٦٩
دیوانی گۆران، بەغدا، ١٩٨٠

ئومێد ئاشنا کتێبی «نووسین و پەخشان و وەرگێڕاوەکانی گۆران»ی کۆکردووەتەوە و پێشەکیی بۆ نووسیوە و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ھەولێر چاپی کردووە.




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:گۆران,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

 کوردی

 

 

مستەفا بەگی کوڕی مەحموود بەگی ساحێبقڕان، ناسراو بە کوردی، لە ساڵی ١٨١٢ز لە سلێمانی لەدایک بووە، ھەر لە سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٠ز کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. شاعیر وەکو منداڵانی سەردەمەکەی خۆی لە حوجرە فێری خوێندەواری بووە، بەڵام درێژەی بە خوێندن نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە مەلا. مستەفا بەگی کوردی بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی قوتابخانەی شیعری بابان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام بەداخەوە بەرھەمێکی کەمی شاعیر کەوتۆتە دەست خوێنەران جگە لەوەش کە ناوی شاعیر لەتەک نالی و سالمەوە دێت، بەڵام وەکو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.

گەلێک لایەنی شاراوەش ھێشتا پەردەی لەسەر ھەڵنەدراوەتەوە کە ئەوەش وایکردووە گەلێک شتی ئەفسانە تێکەڵبە ژیانی مستەفا بەگی کوردی بکرێت کە ھیچ بنچینەیەکی زانستیی نییە. گوایە مستەفا بەگ عەشقی قادر ناوێک بووە، ئەو قادرە بۆتە* سەرچاوەی ئیلھامی شیعری مستەفا بەگ. دەگێرنەوە کە مستەفا بەگی کوردی بە شای ئێران گەیشتووە، لەگەڵئاقانی شاعیری گەورەی ئێران شەرەشیعری کردووە، شای ئێران گەلێک سەرسام بووە بە کوردیی، گەرچی ئەو گێرانەوەیە جێگای گومانە و عەقڵی مرۆڤـ بۆی ناچێت کابرایەکی کوردی خەڵکی بابان بگاتە شای ئێران و لەوێ لە مەجلیسی شادا کابرایەکی سونیی مەزھەب ھێرش بکاتە سەر مەزھەبی شاە ئاقانی شاعیر، بەڵام ھەرچۆنێکیش بێت ئەوا ھەرگیز لە شاعیریەتی و ھەڵوێستی مستەفا بەگ کەمناکاتەوە، بەڵام مستەفا بەگ کە ئاوارەی ئێران کرابێ ئاسان نییە بگاتە شای ئێران، جگە لەوەش لە دیوانەکەی کە ئێستا لەبەردەستدایە ھیچ ئەوە نادەنە دەست کە گەیشتووەتە کۆشکی شاھانە و شەڕەشیعری لەگەڵ قائانیدا کردبێت. ناوی قادر گەلێکجار لە ھۆنراوەکانی کوردی بەکار ھاتووە، بێ ئەوەی بە تەواوی ساغ کرابێتەوە ئەو قادر ناوە کێیە؟

 

 

 

ئەگەر ئەوە راست بێت کە کوردی ھەوڵی ئەوەی دابێت کە عەشقی مەجازی بگۆرێت بۆ عەشقی حەقیقی، دەکرێت بڵێن ئەو قادرە مەبەستی لە رێبازی قادری بێت، گەرچیش ھیچ تروسکایەک نییە کە کوردی لەسەر رێبازی قادری بێت و رێبازی سۆفیزمی گرتبێتەبەر، کەواتە تەنھا تاکە رێگایەک دەمێنێتەوە کە بڵێین زۆر نزیکە ئەو قادر ناوە، ناوی ئافرەتێکی خۆشەویستی خۆی بێت، بەڵام وەکو رەمزێک بەکاری ھێنا بێ، ئەویش لەبەر ئەوەی بارو زروفی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە رێگای نەدابێ بە ئاشکرا ناوی بھێنێ. جوانی پانتایەکی فراوانی لە شیعرەکانی کوردیدا داگیر کردووە، زۆربەی ئەو جوانییەش بە یوسفی کوری یعقوب چواندووە، لەوەوە بەدیار دەکەوێت کە مستەفا بەگ ئەگەرچی مەلا نەبووە، بەڵام رۆشنبیری ئایینی ھەبووە و کەوتۆتە ژێر کاریگەری کارەسات و رووداوە ئایینییەکان، ئەوە باس لە جوانی حەزرەتی یوسف و زولەیخا دەکات، کە چۆن زولەیخا عاشقی جوانی یوسف بووە و خۆی تەسلیم بەو کردووە، کاتێکیش خەڵکەکە بەوەیان زانیوە، سەرزەنشتی زولەیخایان کرد، ئەویش بۆ ئەوەی قەناعەت بە خەڵکەکە بھێنێ و پاکانەی خۆی بکات، خەڵکەکەی داوەت کردووە ھەریەکەیان چەقۆ و سێوێکی دادەستیان، پاشان یوسفی پێ نیشان دان ئەوانیش لە تاوی جوانی یوسف ئاگایان لەخۆ بڕا و دەستی خۆیان بە چەقۆ بڕی و گوتیان: (إنی لاجد ریح یوسف لولا أن تفندونی) (یوسف ٣١)

کوردی دەڵێ ھەرکاتێک یوسف جوانی بەدیار کەوت من زانیم کەوا عەشقی ئەو دەبێ:

کە شوعلەی گھلعەتی یوسف گلوعی کرد کە چەە زانیم
کە عیشق ئەز پەردەیی عیصمەت بیرون ئارەد زولیخا را

دیسان لەوەسفی جوانیدا دەڵێت ئەگەر حۆرییەکانی بەھەشت خۆیان لە ئاوی کەوسھر بشۆنەوە، ھەرچی پیسی ھەیە فرێی بدەن، ئەوا بە فال و رەنگ و روخسارت حاجەت بەرووی یار ناکات چونکە ناگەن بەتۆ.

ئەگــەر حۆری لە کەوپھر شوتوشۆی خۆی بەتــۆ نابــێ
بە ئاب و رەنگ و خاڵ و خەت چ حاجەت بە روویی زیبارا

کاتێک کە حەزرەتی یوسف لە باوکی دوور کەوتەوە بۆ وڵاتی میسر، باوکی واتە حەزرەتی یعقوب لە تاو دووریی یوسف چاوەکانی کوێر بوون، بەڵام پاشان حەزرەتی یوسف کراسەکەی خۆی ناردو بەسەر چاویاندا ھێنا چاوەکانی حەزرەتی یعقوب چاک بۆوە، جا پێش ئەوەی قاسیدەکە بێت حەزرەتی یعقوب گوتی: (أتری اللة یحی ھذا العظام بعد مارمت) (یوسف ٩٤). کوردیش دەڵیت گەر بێتو جارێک بەلاماندا تێپەر بێت ئەو تێپەر بوونە وەکو کراسەکەی حەزرەتی یوسف بۆمن کە تارمای دڵو دەروونم بروێتەوەو رۆشنای بۆ چاوەکانم:

قمیصــی یوســفە بۆ چــاوی تاریکم وەکو یعقوب
سەبا گەر جارێک بەلامان بێنێ گەر بۆی عەرەقچینت


ئەمجارە بە پێچەوانە شاعیر دەڵێت من وەکو حەزرەتی یوسف چۆن کراسەکەی نارد بۆ باوکی و چاوەکانی رووناک بونەوە تۆش ھیمەت بکە وەکو شیفا بەدیدارت شادبم و چاوەکانم روناک ببێتەوە:

کوێر بووە وەکو یەعقوب بە خودا دیدە لە بۆت
سا بنێرە وەکو یوسف بە شفای دیدە لە بۆت

ئەگەر بێتو تۆش وەکو حەزرەتی یوسف خۆت کەنارگیر بکەی کە بێ تاوان بوو چەند ساڵان خرایە بەندیخانەوە ئەو کاتە دەماری عیشق و ریشی بە توھمەت لەگەڵپارچەی کەلێنی یەخەی کراسەکەی، چونکە کاتێک زولەیخا ھەوڵی ئەوە دەدات یوسف تەسلیمی بێت، بەڵام ئەو رازی نەبوو، زولەیخا کراسەکەی راکێشا:

ئەگەر بێتو بە ناحەق بۆت بکەی پەنھان وەکو یوسف
وەریدی عیشق و ریشی تۆ ھمەت و چاکی گریبانی

شاعیر بێزاریی خۆی دەردەبرێت لە دەست عەشق، بەڵام ھیچ کەسێک لە عاشقاتیدا موخەبر نییە لە دەسەڵاتی خۆیدا نییە، کەی کەوایە با ئەوکەسانە کە عاشقن یاخوا لە زولیخا خراپترو شێت و شەیداتر بێت، چونکە زولیخا گەلێک عاشقی یوسف بوو شێت و شەیدای ببوو:

کەس لە رەویەی عەشق و رێگەی عاشقی موخییر نییە
شـێــت و شــەیداتـر ببـوایـە زولیـخا کاشــــکێ

شاعیر سویند دەخوا بە جوانی حەزرەتی یوسف کەلە جوانیدا وینەی نەبووە، ھەر ئەو حەزرەتی یوسفە کە نووری چاوەکانی حەزرەتی یەعقوبی باوکی بوو، ھەرلەبەر یوسفی کوری کوێر بوو، ھەر بەکراسەکەشی چاوەکانی چاک بۆوە:

بەحسنی یوسف ئاسات و بە خولق و لوگفی شیرینت
چراغی بەزمی خوسرەو نووری دیدەی پیری کەنعانی

زوجەوشەن سەر لەشکری سوپای یەزیدی کوڕی معاویە لە نزیک شاری کەربەلا، ھێرشی کردە سەرحوسێنی کوڕی عەلی و ھەموویانی شەھید کرد، بەو شێوەیە:

خوێنی شەھیدان تا رۆژی حەشر ئەتکی لە نێوان موژگانت
وەک خەنجەری ژی جەوشەن تا رۆژی حەشر دەتکێ
خـوێـنی دڵـی مەزڵومان لە ناوکی موژگانت


ئۆبەی کوڕی خەلەف پارچە ھێسکێکی بە دەستەوە بوو بە گاڵتەوە بە پێغەمبەری خوا (د.خ) دەڵێ کێ ئەو ھێسکە زیندو دەکاتەوە (أتری اللە یحی ھذا العظام بعد مارمت) پێغەمبەریش (ص) فەرمووی (نعم یبعثک اللە و یدخلک الجھنم) ھەروەکو خوای گەورە دەفەرموێت: (قال من یحی العڤام وھی رحیم) (یاسین) کوردی دەڵێت گەیشتنی تۆ زیندوم دەکاتەوە ھەروەکو چۆن ھێسک یەکدەگرێتەوە ھەتا ئەو کاتەی لاشەم دەبێتە گەردو تۆز خاک ئەو گەردەش ھەموو بە دەم بای شەماڵەوە دەفەوتێ:

وەصلی تۆ (یحی العظام) و قالبی فەر موودەمە
بێلە تۆ بۆ خوا بڵا شاد بێ بەگەردم بای شەماڵ

تۆ پەرییەکانی بەھەشتی کە ھێندە جوانی یا خود تۆ گوڵێکی لە گوڵە جوانەکانی باغی ئیرەم یاخود ئەستێرەیەکی پرشنگداری ئاسمانی یاخود ئەو رۆرە بە تیشکەی کە ھەموو زەوی روناک کردۆتەوە:

حۆریی باغی جینانی یا گوڵی ئیرەم
ام النجوم العرش ام شمس علی فوق العلم


شاعیر دەڵێت ئەی دۆست و یاران ھەرگیز داوای ئەوەم لێ مەکەن کە لەگەڵیاردا رابوێرم، چونکە ھەر کاتێک کە ئەگەم بە یار ئەوا شێت و بێھۆش دەبم، ھەروەکو چۆن بای (صرصر) دێت ھەمو خەڵک بەو بایە بێزارو ھەراسان دەبن تاکو وایان لێدێت ھەموویان دەمرن بە ھۆی ئەم بایەوە، خوای گەورە کاتێک قارو غەزەبی خۆی گرت لە ھۆزی پمود ئەو بایەی نارد کە حەوت شەو ھەشت رۆژی خایاند (وأما عاد فأھلکوا بریح صرصر عاتیة سخرھا علیھم سبع لیال وثمانییة أیام حسوما فتری القوم فیھا صرعی کأنھم أعجاز نخل خاویة) (الحاقە ٧):

قەت مەڵێن یاران لەگەڵ فیرقەت وەرە سازش بکە
شێت ئەبووم وەک من خۆم تووشی بای صەرصەربکەم

حەزرەتی عیسا سڵاوی خوای لێ بێت موعجیزەی ئەوە بوو مردووی زیندوو دەکردەوە بە ئیزنی خوا (وأبرئ الأکمە والأبرص وأحی الموتی بإذن اللھ). شاعیر دەڵێت، بەڵکو ئەمە خوایە گەر بۆ جارێک بەلای گۆرەکەمدا تێپەر ببێت ھەروەکو عیسا فەرمان بکا ھەموو ھێسکە رزیوەکانم کۆ بکاتەوە و پاش فەوتانم زیندوم بکاتەوە:

گەر وەک عیسا لە پاش مردن بەسەرما، رابرێ
تجمع العظم الرحیم تحمینی بعد العدم

مەنصوری حەلاج لەسەردەمی عەباسیەکان دەیگوت (انا الحق) کە ئەمەش بە ظاھیری شەرع کفرە بۆیە دادگایان بۆ دامەزراند پاشان فەرمانی دادگا دەرچو بە کوشتنی دەڵێن کە خوێنی رژا بە خوێنەکەی (انا الحق) دەنوسرا کوردییش دەڵێت کاتی مردنم لاشەکەم بووە تۆزو گەرد ھەروەکو مەنصور حەلاج ناوی تۆی پێ دەنوسێ چونکە مەنصوری حەلاج کاتێک کوشتیان انا الحق دەنوسی کە عەشقی ئەو وتەیە بوو بە زیندویی، منیش عەشقی تۆم پاش مردن بە سروشکم ناوی تۆ دەنوسم:

سروشکم نەخشی ناوی تۆ دەکێشێ
جیگای سێدارەکەی مەنصورە ئەمشەو

شاری کەربەلا لە ساڵی ٤١کۆچی کارەساتێکی گەورەی لێ رودا، کە ئەویش کوشتاری بنەماڵەی پێغەمبەر(ص) بوو لە سەدەی یەزیدە کوری معاویە، شاعیریش ئەوھا کوشتەی دەستی دڵدارەکەیەتی، ھەروەکو چۆن کەو پێیەکانی سورە تۆش بە خوێی من ئاوھا پەنجەکانی خۆت سور کردووە

چونکە ئەمرۆ من شەھیدی کە بەرلایی عیشقی تۆم
ھـەروەکـــو کەو پەنجەکانت وا بە خوێنم رشــتووە

سامیری لە سەردەمی حەزرەتی موسادا ژیاوە، کابرایەکی ساحیر و جادوگەر بووە. بە ھۆی سیحرەکانی خەڵکێکی زۆری لە خشتە بردووە، جا بۆ ئەوەی عاشق فریو بدرێ سەرنجی دڵ و دەرونی عاشقان بۆ خۆی رابکێشێ ئەو دلبەرە ئەوەندە مەکر بازە، رەنگە کەسانی وەکو ساحیری ببنە شاگردانی واتە ئەو وەستایەو سامیریش شاگرد خوای گەورەش دەربارەی سامیری دەفەرموێت: (قال فإنا قد فتنا قومک من بعدک وأضلھم السامری) (گە ٨٥)

بۆ فریوی عاشقان و جەزبی دڵ وا ماھیری
رەنگە شاگردیت بکا میھتەر نەسیمی سامری

ھاروت و ماروت لە قورئاندا باسیان کراوە (السحر وما أنزل علی الملکین ببابل ھاروت وماروت وما یعلمان من أحد حتی یقولا إنما نحن فتنة) (البقرە ١٠٣). مامۆستا عبدالکریمی مدرس دەفەرموێت (ملکین) بەفەتحەی لام واتە دوو مەلائکە بەڵام بە کەسرەی لام واتە دوو پاشا بەڵام ئەو دوو پاشایە پیاوی چاک بۆینە بە مەلائکە ناویان براوە، بەڵام خوێندنەوەی یەکەم واتە (الملکین) دوو مەلائکە راستترە ئەو دوو مەلائکە نێردراوی خوا بوینە، دوایی خەلکیان لە خشتە بردووە و فێری سحریان کردوون خوای گەورەش غەزەبی لێ گرتون سەرپشکی کردوون لە نێوان سزای دنیا یاخود قیامەت ئەوانیش سزای دنیایان ھەڵبژاردووە گوایە سەراوژێر بە لەناو بیردا ھەلواسراون، بەڵام موفەسیرەکان ئەم قسەیە رەت دەکەنەوە، چونکە خوای گەورە دەربارەی مەلائکە دەفەرموێت (لایعصون اللة ما امرھم و یفعلون مایومرون) تفسیری نامی بەرگی یەکەم. شاعیر ئەم بەسەرھاتەی بەم شێوەیە سوود لێ وەرگرتووە کە چاڵی سەرچەناگەی خەڵکێکی زۆری تێدا ئەسیر کراوە، ھەروەکو چۆن ھاروت و ماروت لە چاڵدا ھەڵواسراون:

لە چاھی ژێری لێوت وا ئەسیرن
ھەزارانی وەکو ھارووت و مارووت*




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:کوردی,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

کاکەی فەلاح

 

 

 

 

 

کاکەی فەلاح نازناوی شاعیری خەبات و ڕاپەڕین و ڕۆژنامەنوسی لێھاتووی کورد حەمین کوڕی قادرە. لەڕۆژی ١٩٩٠/١٠/٠٩دا لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا لە شاری سلێمانیدا مرد.

کاکەی فەلاح لە ساڵی ١٩٢٨ لە چوارتا (شارباژێڕ)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی چاوی بە ژیان ھەڵھێناوە و لەخێزانێکی ھەژار دا پەروەردە بووە و خوێندنی سەرەتایی لە شارەکەی خۆی و ناوەندی لە سلێمانی تەواو کردووە و چووەتە پاڵ پارتی کۆمنیستی و خەباتی چینایەتی کردووە و ھۆنراوەی نیشتمانی داناوە و لەسەر ھەڵوێستی ڕامیاری چەند گیراوە و ئەشکەنجە دراوە، بەڵام کۆڵی نەداوە و ھەر بەردەوام بووە لەسەر بیروباوەڕی شۆڕشگێڕی خۆی.

ئەم شاعیرە بە ‌ھۆنراوە‌ی ڕامیاری ھاتۆتە گۆڕەپانی وێژەی کوردی و ھەوڵی داوە بە وشەی سووک و سادە واتای قووڵ و جوان پێکەوە بنێ و بیخاتە سەر کێشی سووکی خۆماڵی و پشت لەکێشی کۆن بکات و تا لە گۆڕەپانی خەباتی ڕامیاری پتر دەچووە پێشەوە، ھۆنراوەکانی پڕ خۆشتر دەبوون و چاکتر دەبوونە زمانحاڵی میللەتەکەی لەو کاتەی، کە لەسەر بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینەکەی کانوونی دووەمی ١٩٤٨ی گەلانی عێراق بە ساڵ و نیوێک سزادرا و لە ناسریە و ئەبوغرێب سزاکەی بەسەر دەبات و لە جەرگەی تاریک لەناو زیندانەوە ئەم ھۆنراوەیەی دەنووسێ و لەسەرەتاکەیدا دەڵێ:

سەربەستی ئەت پەرستم
تۆی تاقە خۆشەویستم
تۆ و پردی سەر زمانم
تۆی ئامانجی ژیانم
تۆی ئایینم، تۆی بڕوام
تۆی ئاواتم، تۆی ھیوام

دوای تەواوبوونی سزاکەی دەگەڕێتەوە سلێمانی و خەباتی نھێنی دەکات تاکو لە ئەنجامدا دەکەوێتە دەست پیاوانی ڕژێمی شاھانەوە بە ٥ ساڵ بەندی ٣ ساڵ دەست بەسەر فەرمانی دەدرێ و دوای تەواوکردنی سزاکەی دێتەوە سلێمانی و ئەو تاقیکردنەوەی تاڵەی ژیانی بەندیخانە و ھەوڵی بێ سوودی پیاوانی ڕژێمی بۆ لەخشتەبردنی و وازھێنانی لە بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازی خۆی ھۆنراوەیەک دادەنێ بەناوی "ڕێبوارێکم" و بەم جۆرە دەستپێدەکات:

ڕێبوارێکم بەسەر ھەورازی توتڕکا
ھەڵئەگەڕێم
بەڕێی کاکێشانی دڕکا
ھەنگاو ئەنێم
دوای ئەم سەرەتایە
بەسەرکەوتووی درێژە بە ھۆنراوەکەی دەدات و دەڵێت:
چەندان خاوەنی تانە شۆر
بەرۆکیان ئەگرتم بەزۆر
گۆڕ ھەڵکەنانی زەبرو زەنگ
لێیان ھێنامە ژارو ژەنگ
ئەخاوەن گۆڕ، نەتاتە شۆر
توانیان من بنێنە گۆڕ!

شاعیر خاوەنی بیروباوەڕێکی پتەو بووە، ھەرچەند دوژمنانی ویستوویانە بە زەبر و زەنگ لەڕێگای لابدەن، کە چی بێ ھوودە بووە. جگە لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و ھۆنراوە و وێژە کارێکی بەنرخی لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا کردووە بە دەرچواندنەوەی ڕۆژنامەی ژینی، کە کاتی خۆی پیرەمێرد لە ساڵی ١٩٣٩وە تاکو ڕۆژی کۆچی دوایی لە ١٩٥٠/٠٦/١٩ دەری دەچواند، دوای ئەوی ئەویش ماوەیەک مامۆستا گۆران و ئەحمەد زرنگ سەرپەرشتیان دەکرد. کاکەی فەلاح ئەو ڕۆژنامەیەی لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٠ دەرچواندەوە.
 

بەرھەمەکان
دوو کۆمەڵە ھۆنراوەی منداڵان بەناوی "چرۆ" ‌و "سروود" ساڵی ١٩٦٦ و ١٩٦٨
لەگەڵ شەپۆلەکانی "دیوانێکی ھۆنراوە" لە ساڵی ١٩٦٧دا چاپکراوە.
ئۆدیبی پاشا - وەرگێڕانە لە عەرەبیەوە - لە ساڵی ١٩٧٨ چاپکراوە.
دیوانی کاکەی فەلاح - بەغدا- ساڵی ١٩٨٠ چاپکراوەو بە پێشەکی دکتۆر "عیزەدین مستەفا"یە
کاروانی ھۆنراوەی نوێی کوردی - بەرگی یەکەم لە ساڵی ١٩٧٩ و بەرگی دووەم لە ١٩٨٠
چۆلەکەی پاساری - سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٣دا چاپکراوە

لەدوای کۆچی دوایی شاعیریش دیوانێکی نوێی کاکەی فەلاح لەساڵی ٢٠٠٤ بەچاپ گەیەنراوە و لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بنەماڵەکەیەتی و دەکەوێتە ٤٢٠ لاپەڕە و لەبەرگی دوایی ئەو دیوانە پتەوەیدا ئەم پارچە ھۆنراوە پڕ بەواتایەی بڵاوکراوەتەوە:

دنیا شەوە
خەم وەک شارە زەردەواڵە
ورووژاوە
چاویش خەوی لێ زڕاوە
ئاخۆ ئەستێرەی عومری کێ
داکشاوە!!




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:کاکەی فەلاح,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

ئەحمەد ھەردی 

 

ئەحمەدی کوڕی حەسەن بەگ کوڕی عەزیز بەگ (١٩٢٢ - ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦) ناسراو بە ئەحمەد ھەردی یەکێک لە شاعیران و نووسەرانی بە ناوبانگی کوردە لە باشووری کوردستان کە زۆربەی تەمەنی لە بواری ئەدەب و شێعری کوردی دا کاری کردووە. ئەحمەد ھەردی لە بنەماڵەیێکی ڕووناکبیر لە سلێمانی لە دایک بوو. ئەو زانیارییەکی زۆری لە بواری شێعری کلاسیکی کوردی، فارسی و عەرەبی دا ھەبوو و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شیعری نوێی کوردی ھەبووە. ھەروەھا ئەو لە بزۆتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا بەشدار بووە. پاش بەسترانی پەیمانی جەزایر ئەو چوو بۆ ئێران و دواتر لە ١٩٩٣ کۆچی کرد بۆ وڵاتی بریتانیا.

ئەحمەد ھەردی لە زانکۆی سلێمانی و دواتریش لە زانکۆی سەلاحەدین وەکوو مامۆستا دەرسی دەوتەوە.

کچەکەی، چۆمان ھەردی نووسەرێکی بەناوبانگی کوردە و کوڕەکەی، ئاسۆس ھەردی ڕۆژنامەوانێکی بەناوبانگە لە باشووری کوردستان کە بناغەدانەری ڕۆژنامە سەربەخۆکانی ھاوڵاتی و ئاوێنەیە.

یەکەمین کۆمەڵە شێعری ئەحمەد ھەردی لە ساڵی ١٩٥٧ بڵاو بووەوە و لەو کاتەوە چەندین جار دووبارە لە چاپ دراوە.

ژیاننامە
ساڵی ١٩٢٢ لە سلێمانی لە دایک بووە.
ساڵی ١٩٤١ بووە بە مامۆستا لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا.
لەکۆتایی چلەکاندا لەسەر ھەڵوێستی سیاسی لەوەزیفە دەرکراوە، چەند جارێک تووشی زیندان، دوورخستنەوە بووە.
ساڵی ١٩٥٧ کۆمەڵێک شیعری بەناوی (رازی تەنیایی)یەوە بەچاپ گەیاندووە.
ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێی تردا "کۆمەڵەی ئازادای ژیانەوەی یەکێتیی کورد* کاژیک"یان دامەزراندووە، ھەر خۆیشی بووە بە بەرپرسی یەکەمی.
سەردەمێک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە، سەردەمێکیش سەرۆکی لقی سلێمانی بووە.
ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشی کوردستانەوە.
ساڵی ١٩٦٦ لەسەردەشت لەلایەن دەزگای موخابەراتی ئێران (ساواک)ەوە دەستگیر کراوە، لەگەڵ بەربوونیدا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی عێراق.
پاش رێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، ساڵی ١٩٧٣ تا ١٩٧٤ لەکۆلیجی ئادابی زانکۆی سلێمانی مامۆستای موحازیر بووە.
لەگەڵ ھەڵگیرسانەوەی شەڕدا، ساڵی ١٩٧٤ دیسانەوە پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشەوە.
پاش ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوول، لەئێران ئاوارە بووە تا ساڵی ١٩٧٩.
ساڵی ١٩٧٩ شەڕی نێوخۆی حیزبەکان نائومێدی دەکات، بڕیار دەدات بۆ پاراستنی ھەڵوێستی سەربەخۆی خۆی، بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.
لەگەڵ باڵاگرتنی دڕندەیی بەعسدا، جارێکی تر لەساڵی ١٩٨٨دا پەیوەندی کردۆتەوە بە شۆڕشی کوردستانەوە، بۆ ماوەیەک بووە بە سکرتێری گشتیی پارتی سوشیالیستی کورد (پاسۆک).
ساڵی ١٩٨٩ وازی لە پاسۆک ھێناوە، وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ لەڕیزی شۆڕشدا ماوەتەوە تا راپەڕینی ١٩٩١.
ساڵی ١٩٩٢ لەلەندەن نیشتەجی بووە، ھەر لەوێش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر (کێشی عەرووز لەشیعری کوردیدا)، تەواو کردووە.
پاش رووخانی رژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، ساڵی ٢٠٠٤ لێکۆڵینەوە عەرووزییەکەی بەچاپ گەیاندووە.
بەھۆی ژیانی پڕ لەئاوارەیی، دەربەدەرییەوە، گەلێک لێکۆڵینەوە، دەقی ئەدەبی، ھونەریی فەوتاون، رووناکییان نەدیوە.
رۆژی ٢٩/١٠/٢٠٠٦ لەماڵەکەی خۆیدا لەسلێمانی کۆچی دوایی کردووە.




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:ئەحمەد ھەردی,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

نالی 

 

نالی دامە‌‌‌زرێنە‌‌‌ری قوتابخانە‌‌‌ی شیعری بابان و لە گەوە‌‌‌رە‌‌‌ترین شاعیرەکانی سۆرانیە‌. نالی ناوی خدر (خضر)ە‌‌‌ کوڕی ئەحمدی شاویسی ئاڵی بەگی میکایلیە لە گوندی خاکوخۆڵ ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەکتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و سابلاغ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خوێندووە. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی سەردەمی خۆی بووە، بێجگە لە زمانەکەی خۆی فارسی و تورکی و عەرەبی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون.

سەبارەت بەتەمەنی نالی چەندین بۆچوونی جیاواز ھەیە:
موحەممەد ئەمین زەکی بەگدەڵێت: نالی له ساڵانی١٨٠٠-١٨٥٦ زایینیدا ژیاوه.
مارف خەزنەدار و کەمال فوئادیش هەر هەمان مێژوویان دیاری کردوە.
عەلائەدین سەججادیدە‌ڵێت: له ١٧٩٧ی زایینیدا هاتوەته دنیاوه و له ١٨٥٥ دا کۆچی دوایی کردوه.

هەموو ئەم لێکۆڵەرانە، بێجگه سەججادی، مێژووی لە‌دایکبوون و مردنی نالییان وەک یەک دانا و بەو پێیه نالی ٥٦ ساڵ ژیاوە. تەنها بەپێی بۆچوونەکەی سەججادی تەمەنی بووه ٥٨ ساڵ.

ئەم جیاوازیەش وەکو سەرنجی بۆ دراوه قسەی مامۆستا سەجادی لەلایەک و دکتۆر خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد له لایەکی‌ ترەوه دەربارەی تەمەنی و ساڵی لەدایکبوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیله، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراوردکردووه. جا ئەگەر وە‌ها بێت، ئەوا وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی ئەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه. بەڵام له ڕۆزنامەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەرمەنیی ی"وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی"‌دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠-١٨٠١ی زایینی بەرامبەر کراوه. بەپێی ئەمه وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد لەسەری ڕۆیشتون، ساڵی له دایکبوونی نالی دەکاته ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێته ٥٦ ساڵ.

لەوانەی باسکران هیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوە‌یەکی ڕاستەقینه و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایکبوون و کۆچی نالی دیاری بکەن. بەڵام هەندێ شت هەیه دەبنه هۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی "نالی" و نزیکبوونەوە له زانینی ساڵی له دایکبوون و مردنی.

لەدوای بیست و پێنج ساڵی تەمەنی، کوردستان جێدەھێلێت و دەچێتە حەج، و دوای تەواو کردنی حەجەکەی رووی کردۆتە شام لە ساڵی ١٨٥٠ تا کۆتایی ساڵی ١٨٥٤ نالی لە شام بووە، لەو ماوەیەدا میرنشینی بابان دەڕووخێت و، دەنگوباسی ڕووخانەکەی پێدەگات، ھەست دەکات خۆشیەکەی سلێمانی نەما، حەبیبەنەما، دۆست و ئەحبابەکانی وەکو جاران نەمان، سوپاکەی ئەحمەد پاشا تیاچوو، سوپای ڕۆمی جێیانی گرتەوە، (سالم)یش نەک ھەر ھاندەری نابێت کە بگەڕێتەوە سلێمانی بەڵکوو تکای لێدەکات نەشگەڕێتەوە، وەکوو لە قەسیدەکەیدا دەڵێت:

تو خوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر

نالی نائومێد بووە و بە ناعیلاجی رووی لە ئەستەمبوڵ کردووەو لەوێ لەلای ئەحمەد پاشای بابان ئەبێ لەگەڵ پیاوە کوردەکانی تر ژیانێکی خۆش و ئەدیبانەیان لەدیوەخانی ئەحمەد پاشادا رابواردووەو ، ھەموویان بە مامۆستا بانگیان کردووە.

زۆربەی ھۆنراوەکانی نالی، ھۆنراوەی دڵداریین یاخود پیاھەڵدانە بەسەر گوێدرێژەکەیدا، لەگەڵ ھەبوونی کۆمەڵێک لەشیعری ئایینی، ھەروەھا شیعری نیشتمانپەروەریش لەنێو شیعرەکانی نالی ـدا بەدیدەکرێت.

لەشیعرەکانی ھاوپۆلی دڵداری:

زوڵــــفـــت بـــەقەدتـــدا کــە پــەرێشـان و بــــڵاوە،
ئـــەمـــڕۆ لەمــنی شیـــفـــتە ئـــاڵـــۆز و بــــەداوە

ئـــەم عومرە عەزیزە کە لە بـــۆت نەقـــــد و دراوە
سـەد حەیف و درێغا کە مـوســوڵمـــانـی نەماوە!

عومـرێکـی درێـــژە بەخەیاڵی سەری سوڵفـــت
سەودا و پەرێشانــــم و، ســـەودایـەکی خــــاوە

ھەرچەندە کە ڕوتـــم، بــەخــوا مائیلی ڕووتـــم
بێ بەرگییە عیللەت کەھەتیو مەیلی ھـەتـــاوە

(مانی) نییەتی قووەتی تەسویری بــرۆی تـــــۆ
ئەم قەوسە بەدەستی موتەنەففیس نەکشاوە

بۆچی نەگریم، سەد کەڕەتم دڵ دەشکێـــنـــی!
مەی بۆ نەڕژێ، شووشە لە سەد لاوە شــــکاوە

بـــێ ئیفادەیە مەنعی من ئێســــتاکە لەگریان
بـــۆ عــــاشقــی بێچـــــــارە زووەم ئـــاوە ڕژاوە!

ھــــەر جۆگە و جێگێکی کەوا سور و سوێر بێ
جێــــــی جۆششی گریانی منە و خوێنە ڕژاوە

ســــۆزی دڵمە باعیثی تــاو و کوڵــــی گریـــان
مەعلومە کـــــە ئاگر سەبەبی جۆششـی ئاوە

(نالی) وەکو زوڵفت کە موتیعی بەری پێتـــــە
تێکی مەشکێنە، بـەجەفا مەیخـــــــــــەرە لاوە




لەسەردەمی نالیدا، شیعر نووسین بە کوردی شێوەزاری سۆرانی وەک عەیبەیەک وابوە، نالیش یەکەم کەس بووە کە زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی شیعر بنووسێت، بۆیە کاتێک کە خەڵکان و رۆشنبیران و شاعیرانی ئەو سەردەمە شیعرەکانی نالی دەبینن، دەست دەکەن بە تانە لێدان لەنالی و لەشیعرەکانی، نالیش بەم شێوەیە وەڵامییان ئەداتەوە:


تەبعی شەکەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکـــــــا،
ئیمتیحانی خۆیە مەقـــسودی، لە(عمدا) وا دەکــــــا

یا لەمـــــەیــدانـی فــەســاحــەتدا بە میسلی شەھسەوار
بێ تەئــەمـــــمول بـــەو ھەمـــو نەوعـــە زوبــــــانی رادەکا

کــــەس بە ئەلـــــفازم نــــەڵــــێ خۆ کوردییە خۆ کردییە
ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبـی مــــەعنــا دەکــــا

بــــێتە حوجرەم، پارچە پارچەی موسوەدەم بکــڕێ بەڕۆح،
ھـــــــەرکەسێ کوتاڵ و پارچەی بێ بەدڵ سەودا دەکــــا

شــــــــیعری خەڵقی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکـی؟!
کەی لە دیـــــققەتدا پەتــــــــک دەعوا لەگەڵ ھەودا دەکـا ؟!

یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نالی ئەو شیعرەیە کە بۆ سالم ی نووسیوە و ئەویش وەڵامی دەداتەوە، ئەو دوو قەسیدەیە بە ناوی (دوو نامەکەی نالی و سالم)ەوە ناوبانگیان دەرکردووە. نالی ئەو قەسیدەیەی وەکو نامەیەک بۆ سالمی هاوڕێی نووسیوە و باسی دوورە ولاتی خۆی لە شام دەکات و هەست و تاسەی دووری نیشتمان و شارەزوور و سلێمانی کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرابوو، دەردەبڕێت. (عەبدالرحمن سالم)یش لە وەڵامدا شیعرێکی بەرزی بۆ دەنووسێت و هەردووکیان بە خەیاڵ و بە (با) دا، نامەکانیان دەنێرن. نالی بەم شێویە قسیدەکەی دەست پێ دەکات:

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور

وەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور

ئەی لوتفەکەت خەفییو هەوا خواە و هەمدەمە!

وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزور!


مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بەم شێوەیە ئەو دوو بەیتە شیعرەی شیکردۆتەوە و دەڵێ: نالی لە ڕێگای (با)ی تیژڕەوەوە نامەکەی دەنێرێت و پێی دەڵێت:”خوا بمکا بە قوربانی تۆزی ئەو ڕێگایەی تۆ بەسەریا ئەڕۆی، تۆ شارەزای هەموو کون و کەلەبەرێکی شاری شارەزووری و ڕێت لێ ون نابێ، بڕۆ ئەم نامەیەم بۆ بگەیەنە و هەواڵم بۆ بپرسە و بزانە…”. نالی بەو شێوەیە تاسەی دووری خۆی و دوورە وڵاتی دەکاتە هەوێنی ئەو شیعرە بەرزە کە “هەڵقوڵاوی ئاخ و دەنگدانەوەی ژانی دەرونی خۆیەتی”.




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:نالی,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

ناتیق 

 

اتیق، ناوی مەلا کەریم کوڕی مەعروف کوڕی وەسمانە، ساڵی ١٨٨٦ز لەدایکبووە، یەکێکە لە شاعیرە ھەست ناسک و خاوەن شیعری دڵداریی و ناسکی زۆر جوان کە لەم دواییانەدا بەچاپ گەیەنراون.

ناتیق لەساڵی ١٨٨٦ لەدایکبووە و لەتەمەنی شەش ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن و سەرەتا بەخوێندنی قورئانی پیرۆز دەستی پێکردووە، پاشان چەند ساڵێک فەقێیەتی دەکات، بەڵام بەھۆی باری نالەباری ژیانەوە خوێندنی بۆ تەواو ناکرێت و دەست دەکات بە کاسپیکردن. ھەروەک لەیەکێک لە ھۆنراوەکانیدا دیارە، ماوەیەک قۆڵچی بووە، زۆر لەم کارە بێزار دەبێت، بۆیە دوای چەند ساڵێک وازی لێدەھێنێت، و دوکانی جگەرە و توتنفرۆشیی دادەنێت. شاعیر لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێکی دیار و بەناویی شاری ھەڵەبجە بووە، ھاوڕی نزیکەکانی بریتیبوون لە: کەمالی، ئەحمەد موختار جاف، شاھۆ مەلا حەسەنی قازی، حیلمی، شێخ سەلام عازەبانی، حەسەن فەھمی جاف، ناری، قانع، موفتی پێنجوێنی، میرزا مارف و پیاوماقوڵانی ھەڵەبجە. لەڕووی ئەدەبیاتیشەوە، شاعیرێکی باشی سەردەمی خۆی بووە، بەڵام بەداخەوە لەساڵی ١٩٦٣ لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکەی (زەعیم سدیق) ی دڕندە بۆ سەر ھەڵەبجە و ناوچەکە و سووتاندن و گڕتێبەردانیی گەلێ ماڵ و دوکان، ئەم شاعیرەمان دیوانە دەستنووسەکەی کە لەنێو دوکانەکەدا بووە، سووتاوە، بەوەش کۆسپێکی گەورەی کەوتووە و بەری رەنجی چەند ساڵەی بووە بە قەرەبرووت تا لەدوای مەرگی خۆی، خوایار ساڵح ھەژار دوانزە پارچە شیعری کورت و درێژی لای ئەم و ئەو کۆکردۆتەوە و لەدووتووێی نامیلکەیەکدا بەچاپی گەیاندووە. شاعیر ئەگەرچی لەناو خەڵکدا بە (مەلا کەریم) ناسرا، بەڵام ھەرگیز مەلایەتی نەکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی ڕوو لەخودا بووە، خواپەرستیی بەرنامەی ژیانی رۆژانەی بووە، زۆر رێزی لەدین و پیاوانی ئاینیی گرتووە و ھەمیشە لێیان نزیک بووە. ناتیق لەڕووی سیاسی و نیشتمانپەروەرییشەوە شاعیرێکی خاوەن ھەستی بەرز بووە، ئەمەش بەڕوونی لە ھەندێ لە شیعرەکانیدا دیارە، بەتایبەتیی لەدوای نسکۆی شۆڕشەکەی کورد بە ڕابەرییەتی شێخ سەعیدی پیران، کەسێکی دەستبەکاری ناو ئەو شۆڕشە بەناوی شێخ موحەممەدی وانی مەرگ نابێتە چارەنووسی و سەری خۆی ھەڵدەگرێ و بەھۆی ئەوەی کە لەشێخە نەقشبەندییەکانی باکووری کوردستان دەبێت، پەنا بۆ شێخە نەقشبەندییەکانی ھەورامان دەبات، شێخی زیائەدینیش بە ڕێزەوە پەنای دەدات و بۆ ئەوەیش کە دوور بێت لەدەردو بەڵای رۆژگار، گوندی عەبابەیلێ، کە دەکەوێتە رۆژھەڵاتی ھەڵەبجەوە و شێخنشینیش بووە، بۆ دیاری دەکەن تا ژیانی تێدا بەرێتەسەر. ئەو دەمە شاعیرە شۆڕشگێرەکانی ھەڵەبجە وەکو شاھۆ (ھۆنراوەنووس)، قانع و ئەحمەد موختار جاف و ئەم شاعیرەمان (ناتیق) بەبەردەوامی سەردانی دەکەن و رێزی گەورەی لێدەگرن. ھەروەھا، لەڕووی ھەستی کوردایەتییشەوە گەلێ سوودی لێوەردەگرن چوونکە ئەو بۆ خۆی کاربەدەستێکی لێوەشاوەی ئەو شۆڕش و ئەزموونە بووە. ناتیق ھەستی خۆشەویستیی بەرامبەر ئەم شێخە شۆڕشگێرە لەم پارچە شیعرەیدا دیاریی دەکات کە سەرەتاکەی بەمشێوەیەیە:

لەو دەمەی پرشنگی خۆرێ لەمەشریقی (وان) ـەوە
خۆی گرێداوە بە جیلوەی کێوی ھەورامانەوە

لەم پارچە شیعرەیدا پایەی بەرزی و بڵندی شێخ موحەممەدی وانیی دەردەکەوێت، ئەوەیش تێدایە کە شێخ لەو گۆشەیەشدا نەک دەستبەرداری ھەستی کوردایەتی نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە درێژەی بە خەبات داوە و گیانی بەرزی کوردایەتیی بڵاوکردۆتەوە.

ناتیق، ھەندێک جار ختووکەی حیلمییشی داوە، حیلمی شیعری داشۆرینی کردۆتە پیشە و بەشی دیوانێک شیعری لێ بەجێماوە، بەڵام بەداخەوە لە چاپکردندا وشە داشۆرینەکانییان سانسۆر کردبوو. واتە دیوانێکی بێ زەوق و کرچ و کاڵی لێ چاپ کرا، بەڵام ناتیق ئەم شێوازی داشۆرینەی نەکردووە بە پیشە و رێبازی شیعرەکانیی، بەڵکو بۆ دەمەتەقێ لەگەڵ حیلمییدا نووسیونی. لەیەکێک لە شیعرەکانیدا کە دژیی حیلمی نووسیویەتی ئەڵێت:

سەیر ئەکەم تەرقیمی لەوحەی موژدەیە بۆ خاص و عام
ڕوخسەتە سواربوونی پاشی (پاشا) باسمان چی ھەیە؟
تێکی دا لافاوی شەھوەت وا بناوانەی قنگی
باھەڵی بەستینەوە (ناتیق) ئاسمان چی ھەیە؟

حیلمییش لە وەڵامدا وتوویەتی:

ناتیقا چەند شیعرت وتووە دەرحەقم
لێمگەڕێ با خۆت نەخەیتە بەر شەقم
حەز ئەکەم حیفزی ویقاری خۆت بکەی
باحەواڵەی تۆ نەبیتن میترەقم

ئا بەم شێوەیە ھەندێ شەڕەشیعر ھەبووە لەنێوانیاندا، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی ناتیق ھیچی لێ نەماوەتەوە، یەک دوو کورتە شیعری دیکەی نەبێت. شاعیرمان ساڵی ١٩٦٧ کۆچی دوایی کردووە.




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:ناتیق,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

موفتی پێنجوێنی

 

 

مەلا عەبدوڵڵای‌ توتنچی‌ ناسراو بە موفتی پێنجوێنی ‌(١٨٨١ - ١٩٥٢) شاعیرێکی کورد بوو، چەندان چەپک هۆنراوەی‌ نیشتمانپەروەری‌ و ڕێنمایی‌ کۆمەڵایەتی‌ هەیە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی‌ لە پێنجوێن هانی‌ خەڵکی‌ داوە بۆ ناردنی‌ منداڵەکانیان بۆ فێرگە بە تایبەتی‌ کچان. ئەم دەستپێکە لە منداڵی‌ خۆیەوە دەستی‌ پێکردووە، بە دەستێک پەیداکاری‌ و بەخێوکاری‌ پیشاندەدا و بە دەستێکی‌ تر هەڵمەتی‌ قەڵەم و هەڵگرتنی‌ چرای‌ ڕووناککەرەوەی‌ بیری‌ نەتەوایەتی‌ بەرزکردبۆوە. موفتی‌ بە یەکێ‌ لە ڕەچەشکێنانی‌ ئەو بوارە قوڕاوی‌ و تاریکانە بوو کە هەنگاونانی‌ قەتیس و قەدەغە کردبوو. موفتی‌ پێشڕەو و پێشەنگی‌ بیرە نوێیەکانی‌ زانستی‌ و پەروەردەی‌ هاوچەرخ و ڕامیاری‌ سەردەم.

موفتی‌ بیروباوەڕ ڕووناک، بوێری‌ سەردەمی‌ خۆی‌ و لێکۆڵەر لە باری‌ ژیان و گوزەرانی‌ کۆمەڵگە تا ڕادەیەک دواکەوتووەکەی‌، بازووی‌ دلێری‌ و خەمخۆری‌ لێهەڵدەبڕێ‌، ڕوو ناکاتە ئەو نوێژگە و خانەقایانەی‌ کە مەولای‌ پەلبەست و چاوبەست و بیرتەسکی‌ تێدایە بۆ بەرژەوەندیی‌ و خۆبەلزانی‌ و گەورەبوونی‌ خۆیان مەردەمی‌ داماو داپووکێننەوە. ئەم دێت و بانگەواز دەکات لە داپڵۆسین و پەراوێزخستنی‌ ئەو بە ناو زانا ئایینییانە، تۆبەی‌ چەند ساڵەی‌ گیرماوی‌ دەشکێنێ‌ کە بە فەتوای‌ هەوانتە و دروستکردنی‌ کەلەبەر و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی‌ بیرۆکەی‌ سەربەخۆیی‌ گەل و نیشتمان ڕەفتاریان کردووە.. ئەم تۆڵەی‌ هەژاران لەو چاودابەستانە دەکاتەوە. لەنێوان (لەمەولا و مەولا)دا هونەری‌ ڕەگەزدۆزی‌ ناتەواو هەیە:

کەوای‌ پەستی‌ و نەزانیم دڕی‌ و یەک دەفعەدام ماڵی‌

بە لافاوی‌ خەیاڵاتم نەمامی‌ عیلم ئەڕوێنم

 

کەسێک خاوەنی‌ ئەو هزر و بۆچوونە شۆڕشگێڕییە بێت و دروشمی‌ ڕوونی‌ پێشکەوتن و گوزەرانی‌ دروست هەڵبگرێ‌، ئەڵبەتە دەستەواژەی‌ بێ‌ ڕاژەی‌ چەواشەکاری‌ وەرناگرێ‌ و خڵتەی‌ نەزانین و بەرگی‌ هەڵفریواندن فڕێدەدات:

لە پیری‌ کۆن و پاشکەوتووی‌ وەکو خۆم لازمە لادەم

کوڕانی‌ پێگەیشتووی‌ مەکتەبم ئەمجارە ئەدوێنم

لەم بەیتەدا وەستایی‌ موفتی‌ وەکو لێکۆڵەری‌ دەروونی‌ دادەنرێ‌، ئەگەر کەسێکی‌ وا بەناو هەموو چین و تەمەنەکاندا گەشتی‌ نەکردبێ‌ و ئاستە جۆربەجۆرەکانی‌ تاقی‌ نەکردبنەوە بۆ دڵنیایی‌ لە خۆیەوە دەستپێناکا.

ئەگەرچی‌ خۆی‌ لەو پەڕی‌ ئازارەکانەوە گەڕاوەتەوە، چینی‌ پیرانی‌ دواکەوتوو ئەوانەن کە بەس بیر لە مردن دەکەنەوە هیچ لە سەربەستی‌ بیروڕا و سەربەخۆیی‌ نادەن بە گوێی‌ کەسدا. خۆیشیان گوێ‌ لەو بۆچوونانە ناگرن، بۆیە موفتی‌ پشت بە چینێکی‌ فرەی‌ تازەپێگەیشتووی‌ وڵات دەبەستێ‌ کە مێشکیان ساف و دڵیان گەرم و هەستیان پڕشنگ هاوێژە، جڵەوی‌ بەڕێوەبردن و چارەنووسی‌ کۆمەڵگە بەدەست ئەوانەوە دەبێت. شاعیر لەمبارەیەوە جوانی‌ فەرمووە:

خوایە بۆمان بنێری‌ ئاوێ‌ لە قوڕ نەنیشتوو

یا گەنجی‌ پێگەیشتوو یا پیری‌ تێگەیشتوو

میللەتی‌ خودا پێداو بەو دوو چینە چاوی‌ ئاوات و ویژدان هەڵدێنێ‌، چونکە پیرە بەهرەمەندەکان بناغە دانەری‌ بیرۆکەی‌ لاوە خۆبەخشەکانن:

هەموو فێڵ‌ و قوماربازیت ئەبێ‌ یەکسەر بەیانی‌ کەم

ئەگەر سەد دەفعە ماچی‌ کەی‌ قوڕی‌ ژێر کەوش و داوێنم

مەرج نییە ئەوانەی‌ خاوەن تەکیە و خانەقان، هەموو دڵسۆز و خاوەن ئەزموونی‌ هاوکاری‌ و نیشتمانپەروەری بن، مەرج نییە ئەوانە هەموویان پەیڕەوی‌ کاری‌ فەرموودەی‌ پێغەمبەری ئیسلام بن. موفتی مەبەستی‌ لەو بەناو گەورانەیە کە هاونیشتمانیان دەڕوتێننەوە، خۆشباوەڕان لە خشتە دەبەن، گوایە بە هەشتیان بۆ مسۆگەر دەکەن. وەک لە قورئاندا هاتووە خودای‌ گەورە سەیری‌ سەر و سیمامان ناکات، بەڵکو سەیری‌ نیەتی‌ دڵ‌ و دەروونمان دەکات. موفتی‌ لە بنەڕەتی‌ فێڵ‌ و تەڵەکەبازی‌ بەشێک لەوانە شارەزا بووە. لێرەدا دوو جۆر غیرەتی‌ بەکارهێناوە، غیرەتی‌ جەستەیی‌ و ڕووبەڕوو بوونەوە. دووەم غیرەتی‌ قەڵەم و ڕووهەڵماڵین. ئەمەیش کردە و دروشمی‌ شاعیری‌ گەلە:

ئەگەر تۆ ئەهلی‌ دینی‌ خوێنی‌ عالەم بۆ ئەکەی‌ نۆشت

وەرە سەیری‌ دڵی‌ من کە کە چەندە پاک و خاوێنم

ئینجا دوای‌ هەڕەشەکردن لەو بەناو ڕێبەرە، دەیخاتە ڕکە (قەفەز)ی‌ تاوانبارییەوە و دادگایی دەکات کەوا خوێنمژە، خوێنی‌ کەسانێ‌ دەنۆشێت وەکو خوێنی‌ دڵی‌ شاعیر خاوێنە. مرۆڤی‌ موسڵمانی‌ ڕاست و پاک بێت دوورە لەو چەشنە ڕەفتارە دزێوانە:

لەسەر ئەم پارچە شیعرانە ئەگەر گیراوی‌ مەحبەس بم

دەمێکە حازری‌ دار و شەلاخ و ئەزیەت و جوێنم

من لە سەرەتاوە کە ئەم شیعرانەم داڕشتووە و سەرزەنشتی‌ ڕاستەقینەی‌ ئەو کەسە چاودابەستانەم کردووە ئەوەم بۆ خۆم داناوە کە ئەم بەیتە داپڵۆسەرانەم وەڵامی‌ ڕەش و توندوتیژی‌ ئەوانەی‌ دەبێت کە خۆیان بە ئامانجی‌ دەژمێرن، دوور نییە لایانەوە تووشی‌ گرتووخانە و لێدان و جوێنپێدانیش ببم، بەڵام پەیمانە و داومە پەرە بە پەرەسەندنی‌ بیروباوەڕم دەدەم و پەشیمانبوونەوەم بۆ نییە... ئیدی‌ جەنابی‌ نامەولا چی‌ دەکەی‌ بیکە:

وەکو ماسی‌ بە سەربەستی‌ غەواسی‌ گێژی‌ بن ئاوم

لە بنکی‌ بەحری‌ فیکرا گەوهەری‌ عەنتیکە دەردێنم


جەنابی‌ مەولای‌ نامەولا من دەروێشی‌ کوردایەتی‌ و ژیارم. گەلێک قوڕ و چڵپاوی‌ ڕۆژگارم پیاهەڵپڕژاوە لە شارەزایی‌ بوومەتە مەلەوانێکی‌ کارامە و ماسییەکی‌ وریا گەشت بەناو دەریای‌ بیر و ئاوەزدا دەکەم و لە بنیدا گەوهەر و مرواری‌ بە دەستدێنم. لە مێژەوە ڕاهاتووی‌ ئەم ئەزموونەم وشەئارایی‌ هەیە لە نێوان ماسی‌ و غەواسدا، چونکە ئەویان کۆرپەی‌ ئاوە و ئەمیشیان بۆ ناو ئاو دروستکراوە:

بەدەستێ‌ چەپڵە لێدەم داخەکەم دەنگ و تەقەی‌ نایە

گەلێ‌ کەس وا ئەزانن خەوئەبینم یان ئەڕاوێنم

ئەمن کە بەرپرسی‌ وشیارکردنەوە بە خۆم ڕەوا دەبینم و بە دەم بە کردەوە بە شیعر کارم بۆ کردووە، بەردەوام دەیدەم بە گوێی‌ خەڵکیدا کەچی‌ زۆر هەن لە بەرگی‌ هەڵیت و پەڵیت (خرافیات) گیرماون وا دەزانن من وڕێنە دەکەم، داخەکەم چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێ‌ و پشتیوانیم لێناکرێ‌، بە دەم ڕاسپێردراوەکانمەوە نایەن:

فلیمی‌ سینەما چەرخە ئەگۆڕێ‌ ڕۆژی‌ سێسەدجار

دەچیبکەم کەس بە گوێم ناکا کە ئاغا نیم و مسکێنم

 

موفتی‌ پێنجوێنی‌ لەو شاعیرانەیە کە بەشێکی‌ زۆری‌ دیوانەکەی‌ تایبەتە بە نەتەوە، یان دەتوانین بڵێن هەموو دیوانەکەی‌ لە خزمەتی‌ نەتەوەکەیدا بووە، ئەمەش بەو دەلیلەی‌ کە بێجگە لە شیعرە نەتەوەییەکانی‌ کە بەڕوونی‌ هەستی‌ پێدەکەین لە شیعرە کۆمەڵایەتی‌ و ئەو شیعرانەی‌ بۆ کوڕوکچانی‌ کوردی‌ نووسیوە، یان ئەو شیعرانەی‌ وەک وەسێتنامە بۆ کچ و کوڕانی‌ خۆی‌ نووسیوە، یان بە جوانی‌ سروشتی‌ کوردستاندا وتویەتی‌[١].. لە تێکڕای‌ ئەمانەدا هەستێکی‌ نەتەوەیی‌ پەنهان دەخوێنینەوە و کە هانی‌ کوڕ و کچانی‌ کورد دەدات بۆ ئەوەی‌ خۆیان بە زانست و زانیارییەوە خەریک بکەن ئەمە لەپێناو نەتەوەکەدایە و هاوکات کە بابەتە هەستیارە کۆمەڵایەتییەکانیش دەخاتە بەرباس بۆ ئەوەیە کە نەتەوەکەی‌ سەرفرازبکات و هەوڵی‌ نوێبوونەوە و گۆڕان بدات تێیدا. با سەرنج لەم نمونەیەی‌ شیعری‌ موفتی‌ بدەین:

ئەی‌ وەتەن من تێئەگەم بۆ شین و زاری‌ کارتە

بۆ نەبوونی‌ عیلمی‌ بەرزی‌ گەورە و سەردارتە

ئاخ و داخ و ئاهی‌ سەردی‌ تۆ سەبەب ئەم دوانەیە

خۆ پەسەندیی‌ و غایە ویستی‌ گەورەکانتە

موفتی‌ پێنجوێنی‌ وەک خۆی‌ ئاماژەی‌ پێدەکات، تێدەگات دەردی‌ دواکەوتوویی‌ نەتەوەکەی‌ چییە و ئەو دەیگێڕێتەوە بۆ نەبوونی‌ زانست و خۆ بە شت زانینی‌ سەردارانی‌ ئەو سەردەمە، بۆتە دەردی‌ دواکەوتوویی‌ و خۆرەی‌ جەستەی‌ کۆمەڵگەی‌ کوردی‌. هەر لەو شیعرەدا ئاماژە بە پێشکەوتووی‌ هەموو وڵاتانی‌ دنیا دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو، کە پێشکەوتنی‌ ئەوان بەهۆی‌ ئەو زانستەوەیە، هەروەها ئاماژە بە جیاوازی‌ پێشکەوتنی‌ نێوان لوبنان و کوردستان دەکات و دەنووسێت (فەرقی‌ تۆ و لوبنانە بەینی‌ ئاسمان و زەمین). لەم نیوە بەیتەی‌ موفتییەوە دوو حاڵی‌ گرنگ خراوەتەڕوو یەکێکیان ئەوەیە، کە شاعیر ئاواتی‌ خواستووە کە وڵاتەکەی‌ ئەویش وەکو لوبنان پێشبکەوێت و ئەو هەموو پێشکەوتنانەی‌ ئەوکات لوبنان هەیبووە بەخۆیەوە ببینێ‌. دووەمیش ئەوەیە کە موفتی‌ شاعیرێکی‌ ئاگادار بووە لە دەوروبەری‌ خۆی‌ و کەسێکی‌ بێئاگا نەبووە لە پێشکەوتنەکانی‌ ئەوکاتەی‌ جیهان بۆیە، نەک تەنها لەم شیعرەدا، بەڵکو لە زۆر شیعری‌ تریشدا ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی‌ بەرچاوی‌ هەبووە و لە شیعرێکدا بەناوی‌ (سۆز) کە شیعرێکی‌ پێنج خشتەکییە موفتی‌ باس لەوە دەکات کە ئەم کوردە هەر خەوتووە و بێدا نابێتەوە بۆ ئەوەی‌ بگات بە زانست و وشیاربێتەوە ئەو دەنووسێت:

کوردە خەو تاکەی‌ دەسا دەستی‌ من و دامانتە

وەختی‌ هوشیاریتە خەو زنجیری‌ ئەژنۆ و ڕانتە

دوژمنت دایم خەریکی‌ موڵک و ماڵ‌ و گیانتە

حەیفە تۆ فکر و خەیاڵی‌ گەردش و سەیرانتە

رۆژی‌ تێکۆشین و هەوڵ‌ و کاتی‌ هەڵسوڕانتە

موفتی‌ پێنجوێنی‌ زۆر بە پەرۆشی‌ نەتەوەوە بووە و بێ‌ نەتەوە ئەو هیچ مانایەک لەنێو ژیاندا نابینێتەوە کە ئەم هەستە بەشێوەیەکی‌ زۆر واقیعی‌ لە شیعرەکانی‌ ئەم شاعیرەدا هەستی‌ پێدەکرێت. دەرککردنی‌ موفتی‌ بەو هەموو شتە لەو سەردەمەدا گرنگییەکی‌ تایبەتی‌ هەیە و هەر ئەم گرنگیەشە کە ئەم شاعیرە دەخاتە خانەی‌ نەمرییەوە، چونکە هیچ شاعیر و نووسەرێک ناتوانێ‌ نەمری‌ بۆ خۆی‌ و بەرهەمەکانی‌ بەدەست بهێنێت ئەگەر شاهیدی‌ ڕاستگۆی‌ قۆناغێکی‌ ژیانی‌ نەتەوەکەی‌ نەبێت و ئەرکی‌ مێژوونووسێکی‌ ڕاستگۆ نەگێڕێت، بۆیە دەکرێت لێرەدا و پاش خوێندنەوەی‌ تەواوی‌ دیوانە پڕ بایەخەکەی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ ناسنامەی‌ مێژوونوسێکی‌ ڕاستگۆش بدەینە پاڵ‌ ئەم شاعیرە، چونکە هەموو نووسەرێک بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان لە نووسینەوەی‌ مێژووی‌ نەتەوەکەیاندا هەیە، بەڵام ئەوە گرنگە لێرەدا ئەوەیە کام لەو شاعیر و نووسەرانە بوونەتە مێژوونوسێکی‌ ڕاستبێژی‌ سەردەمەکەی‌ خۆیان، کە من پێموایە موفتی‌ لەپاڵ‌ چەند شاعیرێکی‌ وەک نالی‌ و سالم و کوردی‌ و بێکەس و ئەحمەد موختار جاف وپیرەمێرد و قانیع و...هتد شایەنی‌ ئەو نازناوەیە و ئەوەشی‌ ئەم شاعیرەی‌ خۆستۆتە پەراوێزەوە ڕۆژگارە کە نەیهێشتووە ئاوڕی‌ جدی‌ لێبدرێتەوە. ئەگەر ئەو پێنج خشتەکییەی‌ سەرەوەی‌ موفتی‌ پێنجوێنی‌ بەراورد بکەین بە بەیتێک شیعری ئەحمەد موختار جاف کە دەڵێت:

لەخەو هەستن درەنگە میللەتی‌ کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تأریخی‌ عالەم شاهیدی‌ فەزڵ‌ و هونەرتانە

لە بەراوردکردنی‌ ئەم دوو شیعرەدا ئەوە دەبینین کە هەردوو شاعیر دەیانەوێت نەتەوەکەیان بەخەبەر بهێنن و بەرەو عیلم زانست هەنگاو بنێت، بەڵام جیاوازی‌ ئەم دوو بەیتە لەوەدایە کە موفتی‌ پێنجوێنی‌ بەشێوەیەکی‌ زۆر سەرکۆنەی‌ نەتەوەکەی‌ دەکات و هیچ زانست و هوشیارییەکیان تێدا نابینێت، بەڵام ئەحمەد موختار جاف ئەوە دەخاتەڕوو کە مێژووی‌ جیهان گەواهیدەری‌ بەرزی‌ هونەری‌ ئێوەیە. لەمەی‌ ئەحمەد موختار جاف دەکرێت ئێمە دوو بۆچوون بخەینەڕوو یەکەمیان ئەوەیە کە ئەم شاعیرە ویستبێتی‌ نەتەوەکەی‌ هەڵبنێت و غیرەتیان بخاتەبەر. دووەمیشیان ئەوەبوبێت کە ئەحمەد موختار جاف لەشاردا ژیاوە و تاڕادەیەکی‌ زۆر دنیابینی‌ لە موفتی‌ پێنجوێنی‌ فراوانتر بووە، بەو حوکمەی‌ کە موفتی‌ لە شارۆچکەیەکی‌ وەک پێنجوێنی‌ دوورە دەستدا گیری‌ خواردووە ئەمە وایکردووە، کە ئەحمەد موختار ئاگادار ئەو پێشکەوتنانە بێت کە کۆمەڵگەی‌ کوردی‌ لەو سەردەمەدا خاوەنی‌ بووە و موفتی‌، یان بە کەمی‌ زانییوە، یان کەمێک لێی‌ بێئاگا بووە کە هەردوو حاڵەتەکەی‌ موفتیش حاڵەتی‌ ئاسایییه.


 




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:موفتی پێنجوێنی,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

فایەق بێکەس 

 

 

ناوی "فایق" كوڕی "عبدالله به‌گ"ی كوڕی "كاكه حه‌مه‌"ی كوڕی "ئه‌لیاسه قۆجه‌"یه. بنچینه‌ی بنه‌ماڵه‌یان له قه‌ڵاچوالانه‌وه هاتووه‌ته سلێمانی و خۆی له 1905دا له سیته‌ك هاتووه‌ته ژیانه‌وه، ئه‌و دێیه‌ش بیست كیلۆمه‌تر‌ه‌یه‌ك له باكووری ڕۆژه‌‌ڵاتی سلێمانی‌یه‌وه‌ دووره و ئه‌و ئه‌وساته‌ش سیته‌ك سه‌نته‌ری "شارباژیر" ‌‌‌‌‌‌بووه. عبدوڵڵا به‌گی باوكی له‌وێ "تابوور ئاغاسی" بووه. له دایكیشیه‌وه له بنه‌ماڵه‌ی ئاغه‌له‌ره‌كانی سلێمانییه.

ساڵی یه‌كه‌م‌ و دووهه‌می ته‌مه‌نی له سیته‌ك به‌سه‌ربردووه‌و، پاشان ماڵیان هاتووه‌ته‌وه‌ سلێمانی‌ و له ته‌مه‌نی سێ ساڵایدا ئاوه‌ڵه‌ی ده‌رداوه. هه‌ر به مناڵی باوكی له حوجره‌ی فه‌قێ خستوویه‌تیه‌ به‌ر خوێندن.

له 1911دا باوكی به ئیشی میری نێرراوه بۆ خانه‌قی و له‌وێوه‌ بۆ به‌غدا. له به‌غداوه ئه‌نێرێ به دوای ماڵ ‌و مناڵه‌كه‌‌یدا و ئه‌یانباته‌ ئه‌وێ‌. پاش ساڵێك خۆی چووه بۆ توركیا و ئه‌وانی له به‌غدا به‌جێهێشتووه. ئیتر فائق باوكی نه‌دیوه‌ته‌وه. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا حه‌مه‌ سه‌‌عیدی برا گه‌وره‌ی له ئاوی ده‌جله‌دا ئه‌خنكێ و دوابه‌دوای ئه‌و دایكیشی كۆچی دوایی ده‌کات و فایق ئه‌كه‌وێته‌ لای خاڵی. ئه‌ویش‌ پاش چه‌ند مانگێك ئه‌مرێ ‌و فایق ‌‌و تاهیری برای ‌بچووكی به بێكه‌سی ئه‌مێننه‌وه.

ئه‌و ساته‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهان هه‌ڵده‌گیرسێت، ڕێی هاتوچۆی نێوان به‌غدا و سلێمانی ده‌گیرێت. "حاجی ئه‌مینی كاكه حه‌مه‌"ی مامی له‌ سلێمانییه‌وه ئه‌نێرێته‌ لای "حاجی عه‌لی ئاغا"، ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا بووه، كه‌ چاودێری فایق ‌و براكه‌ی بكات و هه‌ر میراتێكیان له باوك ‌و دایكیانه‌وه بۆ مابێته‌وه بۆیان خه‌رج بكا. ئه‌ویش ئه‌یانداته ده‌ستی "حه‌به‌خان" ناوێك، ئه‌وه‌ی خێزانی ئه‌فسه‌رێكی خه‌ڵکی سلێمانی بووه‌ و له به‌غدا دانیشتووه.

ژنه‌كه‌ش مه‌ردانه ئه‌یانخاته ژێر باڵی به‌زه‌ییی خۆی ‌و ورده ورده پێیشیان ئه‌خوێنێ. دوو سێ ‌ساڵێك به‌م جۆره ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. له 1917دا كه‌ساسییه‌كی زۆریان تووش ده‌بێ. له 1918دا حه‌به‌ خان ئه‌یانباته‌وه بۆ سلێمانی بۆ لای "حاجی ئه‌مین"ی مامیان.

فایق له سلێمانی ئه‌خرێته‌ قوتابخانه ‌و له پۆلی سێهه‌مدا وه‌رئه‌گیرێ‌ و تا ساڵی 1923 له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌موو ساڵێ به یه‌كه‌م ده‌رئه‌چێ. له‌و ساڵه‌دا له‌سه‌ر ئاره‌زووی مامی ئه‌چێته‌ قوتابخانه‌ی "علمیه‌" له كه‌ركووك. به‌ڵام بۆی ڕێناكه‌وێ له‌وێ بخوێنێ، ئه‌چێته‌ به‌غدا و ساڵی 1924 - 1925 له "دار العلوم" به‌سه‌رئه‌با. له‌وێش له‌به‌رده‌م بژێوی بژی‌ و له ساڵی 1926 - 1927دا ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی. له‌وكاته‌دا سلێمانی ته‌نها پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیی تیا بووه، ناچار تێی ئه‌چێ.

له‌و ساڵانه‌دا ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی ژیان ناچاری ئه‌كا دوكانێكی جگه‌ره‌چێتی بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌‌ش سه‌رناگرێ ‌و ده‌ستده‌کات به جگه‌ره ‌و شقارته فرۆشتنی ده‌ستگێڕی و پاشان په‌نا ئه‌باته به‌ر "ئه‌شغاڵ" و به ڕۆژانه له ڕێگای عه‌ربه‌ت ئیش ئه‌كاو چه‌ند مانگێك له‌سه‌ر ئه‌م ئیشه ده‌بێت.

له 1928دا بۆ ماوه‌ی چه‌‌ند مانگێك له هه‌ولێر ژیاوه. له‌‌و سه‌رده‌مه‌دا خوالێ‌خۆش‌بوو "قاله‌ی ئایشه‌ خان" ئه‌ندازیاری ئه‌شغاڵ بووه ‌و سه‌رپه‌رشتی كردنه‌وه‌ی ڕێگای هه‌ولێر - ڕه‌واندز - ڕایاتی كردووه. بێ‌که‌‌س دۆستی له ئه‌شغاڵ دامه‌زراندووه‌. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بێ‌كه‌س ئه‌بێ به مامۆستای "زانستی" و له 1929دا ئه‌بیستێ باوكی له مه‌رعه‌ش له توركیا مردووه. له ساڵی 1930دا به هه‌ر ده‌ردی ‌سه‌ریه‌ك بووه به‌دوای میراتی باوكیا ئه‌چێ بۆ توركیا، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به نائومێدی ئه‌گه‌ڕێته‌وه.

هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بوو ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شه‌شی ئه‌یلوول له دژی هه‌ڵبرژادنه ساخته‌كه‌ی ده‌زگای پادشایه‌تی ڕوویدا. بێ‌كه‌س یه‌كێك بوو له‌و نیشتمان په‌روه‌رانه‌ی سه‌ركرده‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌یان كرد و تێیدا برینداریش بوو.

له‌ئه‌نجامی ئه‌و ڕۆڵه‌دا ئه‌یگرن ‌و ئه‌یخه‌نه به‌ندیخانه‌وه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م به‌شداربوون ‌و سه‌ركرده‌یییه‌ی له‌سه‌ر کاریش لایئه‌به‌ن. هۆنراوه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی "ئه‌ی وه‌ته‌ن مه‌فتوونی تۆم..."ی له ناو به‌ندینخانه‌دا نووسیوه‌ته‌وه

ئه‌ی وه‌ته‌ن مه‌فتوونی تۆم...
ئه‌ی وه‌ته‌ن مه‌فتوونی تۆم‌و شێوه‌تم بیركه‌وته‌وه
وه‌ختی به‌ندیییو ئه‌ساره‌ت، پێ به ته‌وق ‌و كۆته‌وه
من له زیكرو فیكی تۆ غافڵ نه‌بووم، وا تێنه‌گه‌ی
حه‌پس و تێ‌هه‌ڵدان‌ و زیلله‌ت تۆی له بیر بردۆته‌وه
به‌و خودایه‌ی بێ‌شه‌ریك ‌و لامه‌كان‌ و واحیده
عه‌شقی تۆ نه‌وعێ له دڵما ئاگری كردۆته‌وه
ئاگرێكی ‌وا هه‌زار ساڵ ئاوێ بڕژێنیته سه‌ر
قه‌ت گڕو كڵپه‌و بڵێسه‌ی تا ئه‌به‌د نه‌كوژێته‌وه
باسی مه‌حزوونی و كه‌ساسیی خۆت نه‌كه‌ی توخوا وه‌ته‌ن
چونكه به‌و باسه برین‌و زامه‌كه‌‌م ئه‌كولێته‌و
ماته‌مینی تا به‌ كه‌ی، ده‌ی پێكه‌نه‌و سه‌ر هه‌ڵبڕه
موفته‌خیر به، شوهره‌تت وا عاله‌می گرتۆته‌وه
نه‌گبه‌تی لاچوو، سه‌عاده‌ت بۆته پشتیوانی تۆ
كه‌وكه‌بی به‌خت‌و فریشته‌ت به‌رزه، ئه‌دره‌وشێته‌وه
گه‌رچی به‌ینێكه زه‌لیل‌ و دیلی ده‌ستی زاڵمی
نۆبه‌تی شادیته ئه‌مجا ناحه‌زت لێك‌بێته‌وه
لافی میللیییه‌ت به‌ ده‌م له‌م عه‌سره‌دا كه‌ڵکی نییه
ڕۆژی هه‌وڵه، هه‌ر به هیممه‌ت گۆی هونه‌ر ئه‌برێته‌وه
بێ‌قوسووره، چه‌ند جه‌سووره صه‌د شوكر ئه‌ولاده‌كه‌ت
وا له‌ ڕێی تۆدا له خوێنا سه‌یری چۆن ئه‌تلێته‌وه
به‌سیه، ته‌عنه‌م لێ مه‌ده‌، هه‌ر ڕۆڵه‌كه‌ی جارانتم
هێنده‌ حیلمت بێ هه‌تاكو ده‌ست‌و پێم ئه‌كرێته‌وه
شه‌رته شه‌رتی پیاوه‌تی بێ گه‌ر خودا ده‌ستم بدا
دوژمنت په‌ت‌كه‌م وه‌كوو سه‌گ بیخه‌مه‌ ژێر پێته‌وه


ئه‌و ساته‌ی له‌ به‌ندینخانه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه، قوتابخانه‌یه‌ك ئه‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌ی تێدا بڵێته‌وه ‌و پێی بژی. له 1933دا میری وه‌ر‌ئه‌گرێ به مامۆستا ‌و ئه‌ینێرێته‌ مۆرتكه‌ی بازیان ‌و پاشان ئه‌ینێرێته‌ ته‌وێڵه‌. له هاوینی 1935دا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه مامۆستایه‌ك، له‌وانه‌ش یه‌كێكیان مامۆستا گۆرانی شاعیری به‌ناوبانگ بووه، به‌شداری له کۆرسێکدا كردووه له به‌غدا بۆ مامۆستایان ئاماده‌ كراوه. بێ‌كه‌س له‌و سه‌رده‌مه‌دا مامۆستای قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بازیان بووه.

له ساڵی 1937دا له وزه‌ی میریدا نامێنێت. مامۆستایه‌كی نه‌ترسی وه‌ها له سلێمانیدا هه‌بێ گیانی خه‌بات ‌و كوردایه‌تی بڵاوبكاته‌وه، دووری ئه‌خاته‌وه بۆ حیلله‌ و پاش ساڵێك ئه‌ینێرێ بۆ عه‌ماره. به‌ڵام بێ‌كه‌س ڕازی نابێت بچێ و ده‌ست له ئیشه‌كه‌ی هه‌‌ڵئه‌گرێ‌ و دێته‌وه سلێمانی. له‌وێش قوتابخانه‌یه‌ك ئه‌كاته‌وه تا 1941 وانه‌ی تێدا ئه‌ڵێته‌وه. ئه‌نجا ئه‌یكه‌نه‌وه به مامۆستای قوتابخانه‌كانی میری ‌و تا دوایی ساڵی 1948دا له قه‌ره‌داغ ‌و سلێمانی ‌و سورداش‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ مامۆستا ئه‌بێ.

له 1948.12.18دا بۆ یه‌گجاری سه‌ر ئه‌نێته‌وه.

بێ‌كه‌س جگه‌ له زمانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی و تاڕاده‌یه‌ك ئینگلیزیشی زانیوه‌. به‌تایبه‌تی له عه‌ره‌بیدا ده‌سێكی باڵای هه‌بووه. هۆنراوه‌یه‌كی زۆری عه‌ره‌بی له‌به‌ربووه. هه‌روه‌ها بڵاوه،‌ كه "معلقاتی سبعه‌" به‌ته‌واوه‌تی له‌به‌ربووه.

بێ‌كه‌س دووژنی هێناوه‌: یه‌كه‌میان له ساڵی 1935دا، به‌ڵام ‌پاش ساڵێك به نه‌خۆشی ده‌رده‌باریکه كۆچی دواییكردووه ‌و مردنه‌كه‌ی كارێكی زۆری كردۆته سه‌ر ده‌روونی بێ‌كه‌س ‌و وای لێكردووه ماوه‌یه‌ك گۆشه‌گیری ببێت.

له‌م ژنه‌ی كچێك و له ژنی دووهه‌می دوو كچ ‌و كوڕێكی بووه. کوڕه‌که‌شی شاعیری گه‌وره‌ی كوردشێرکۆ بێکەس ه‌.




ڕێکه وت: دو شنبه 8 خرداد 1391برچسب:فایەق بێکەس,,
ناردراوه به ده ستیوه نه وشه

صفحه قبل 1 2 3 صفحه بعد

ئه رشیڤی ته وه ره کان
به سته ر
Features
ورود اعضا:

نام :
وب :
پیام :
2+2=:
(Refresh)

خبرنامه وب سایت:





آمار وب سایت:  

بازدید امروز : 10
بازدید دیروز : 0
بازدید هفته : 11
بازدید ماه : 81
بازدید کل : 259559
تعداد مطالب : 56
تعداد نظرات : 4
تعداد آنلاین : 2

IP
دریافت کد
size=